دەرەوازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل هێشتا نەكراوەتەوە

زاخۆ-KDP.info- قایمقامی قەزای زاخۆ رایدەگەیێنێت، داخرانی سنووری ئیبراهیم خەلیل بەردەوامە و هاتوچۆكەران چاوەڕێن بكرێتەوە تاوەكو هاموشۆ بە دەروازەكەدا بكەن.
(خەلیل مەحموود) قایمقامی قەزای زاخۆ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوێنیوە حكوومەتی توركیا دەرەوازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلی داخستووە بە هۆكاری ئەوەی لە ناوچەی سلۆپی هێزی خۆی هێناوەتە ئەو ناوچەیە و دەوروبەری".
(مەحموود) گوتیشی: "تاوەكو ئێستا كاتی كردنەوەی دەروازەكە دیار نییە، بۆ ئەو بارهەڵگر و شوفێرانەی لەسەر سنووریش ماون، هەوڵ دەدەین رێگا بكرێتەوە تا دەرباز بن، بەڵام پێویستە بۆ ئەوەیش توركیا رێگا بدات".
جێی ئاماژەیە، خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، دەكەوێتە سنووری زاخۆ لە پارێزگای دهۆك و دەروازەیەكی گرینگە لە باشووری كوردستان، كە كوردستان و توركیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە و، رۆژانە بە مەستی بازرگانی و گەشت و سەردان هاووڵاتیان پێیدا تێپەڕ دەبن.
نەشوان بەرزنجی




