مامۆستایانی ههولێر: له گوڵ ناسکتریان پێ نهگوتین

ههولێر-KDP.info- مامۆستایانی ههولێر دهڵێن "ئێمە بە ڕێنوێنیی ھیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نەھاتووینەتە ئێرە؛ مامۆستایان ھێندە گەورەن قسەی هیچ لایەنێکی سیاسی کاریان تێ ناکا؛ لە هیچ حزبێکیش قەبووڵ ناکەین مامۆستایان بۆ مەرامی سیاسی خۆی بەکار بهێنێ؛ بە پێچەوانەی زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە کە پێیان وایە مامۆستایانی شارە خۆشەویستەکەی ھەولێر ھەڵوێستیان نییە، وا ئێمە بە ئارەزووی خۆمان ھاتووینەتە بەر وەزارەتی پەروەردە و، كهسیش له گوڵ ناسکتری پێمان نهگوتووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی (٧/١٠/٢٠١٥)ی زایینی، کۆمەڵێک مامۆستا لە بەردەم وەزارتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێری پایتەختدا کۆ بوونەوە و خوازیاری بینینی وەزیری پەروەردە بوون، سەرەتا بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و دواتریش وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ناوەند سەردانی مامۆستاکانیان کرد.
سەرەتا چەندین مامۆستا داخوازییەکانی خۆیان ھێنایە گۆڕێ و داوایان کرد کە وەزیری پەروەردە بە خەمخۆرییەوە گوێ لە خواستەکانیان بگرێت، نوێنەری مامۆستاکان گوتی: "ئێمە بە قسە و ڕێنوێنیی ھیچ حزب و لایەنێکی سیاسی نەھاتووینەتە ئێرە؛ مامۆستایان ھێندە گەورەن کە نەکەونە ژێر کاریگەریی قسەی لایەنە سیاسییەکانەوە؛ لە ھیچ حزبێکیش قەبووڵ ناکەین مامۆستایان بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەکار بهێنین و، بە پێچەوانەی زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە کە پێیان وایە مامۆستایانی شارە خۆشەویستەکەی ھەولێر ھەڵوێستیان نییە، وا ئێمە بە ئارەزووی خۆمان ھاتووینەتە بەردەم وەزارەتی پەروەردە و، کەسیش لە گوڵ ناسکتری پێ نەگوتووین."
پاشان چەند مامۆستایەک مەبەستی کۆبوونەوەکەی خۆیان باس کرد کە خوازیار بوون وەزارەتی پەروەردە پاڵەپەستۆی زیاتر بخاتە سەر وەزارەتی دارایی و حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەوەی مافی مامۆستایان نەخورێت و، ئاوڕی جدیتر لە مامۆستایان بدرێتەوە تا بتوانرێت نەوەکان بە ئاسوودەیی پێ بگەیێنرێن و فێر بکرێن.
پاش ئەوەی (د. پشتیوان سادق) وەزیری پەروەردە گوێی لە گشت خواست و داواکارییەکانی مامۆستاکان گرت، گوتی: "ئەوەی ئێوە کە لێرە کۆ بوونەتەوە نیشانەی دڵسۆزیتانە بۆ نیشتمانەکەتان و، ئێمەیش وەک نوێنەرانی ئێوە بەوپەڕی شانازی بە توێژی مامۆستایانی خۆشەویستەوە بە دوای ماف و خواستەکانتانەوە دەبین؛ لەو ماوەیەدا بە دەیان جار سۆراغی مووچەی مامۆستایانمان کردووە و داواکار بووین کە ڕاستەوخۆ دوای مووچەی ھێزی پێشمەرگە مووچەی مامۆستایان بدرێت، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەیشدا دەزانن کە لە چ قەیرانێکی ئابووری و سیاسیداین و، بە دڵنیاییەوە حکوومەتی ھەرێمش نیگەرانی ئەم بارودۆخەیە."
وەزیری پەروەردە سەبارەت بە خواستی مامۆستاکان گوتی، کە بە ھیچ شێوەیەک ساردی لە داواکارییەکان نانوێنرێت؛ قەیدێ ناکا با زۆر بۆ حکوومەت بهێنن، بەڵام هەق نییە خوێندن بایکۆت بکەن، چونکە ڕاگرتنی خوێندن و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان واتە بەدیهێنانی ئامانجی دوژمنانی دەرەکی و ناوخۆیی بۆ لە پەلوپۆخستنی حکوومەت و ھەرێم و ئێمەیش بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین، ئێمە ئامادەین لەگەڵ یەکێتیی مامۆستایاندا مان بگرین و بچینە بەردەم پەرلەمان و دەستەکانمان بکەینە ئەڵقە بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە بەو مەرجەی خوێندن بایکۆت نەکرێت و، قوتابیانی خەڵکی ھەژار و پێشمەرگە قارەمانەکان لە خوێندن بێبەش نەکرێن.
بڵند ئیبراھیم




