٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گۆڕان دەیەوێ قەیرانی ناوخۆی حزبەكەی بە نانەوەی قەیران لە هەرێم پەردەپۆش بكات"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  بەرپرسی‌ لقی‌ چواری‌ پارتی‌ دەڵێ بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێ قەیرانی ناوخۆی حزبەكەی بە نانەوەی قەیران لە هەرێم پەەردەپۆش بكات؛ دەیەویت بە ڕاگەیاندنی حزبی و سێبەر، خەڵكی سلێمانی چەواشە بكات، بەڵام خەیاڵیان خاوە و خەڵكی سلێمانی زۆر لەوە هۆشیارترە.


(ئاسۆ محەمەد) باژێڕوانی‌ سلێمانی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە میدیاكانەوە گوتوویەتی گوایە "هەموو شاری‌ سلێمانی‌ لە قەیراندا بێت ‌و لەسەر ئەژنۆ بڕۆن، پارتی‌ بە خەیاڵیدا نایەت و، پارتی‌ مەبەستیەتی‌ ئاساییشی‌ سلێمانی تێك بچێت"!

(سەعید سەلیم ئاغا) بەرپرسی‌ لقی‌ چواری‌ پارتیی دیموكراتی‌ كوردستان لە سلێمانی‌ پێوه‌ست به‌و جۆره‌ قسانه‌ی گۆڕان، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "خەڵكی كوردستان پێویستە ئەم ڕاستییە بزانن كە وا پارتی و گۆڕان خاوەن دوو قوتابخانەی لێک جیاوازن و، بنەما فكری و فەلسەفیەكەیان جیاوازە، بیركردنەوە و بنەما فەلسەفییەكەی گۆڕان لە چوارچێوەیەكی لۆكاڵی و ناوچەیی و شارچیەتی بەولاوە گەشەی نەكردووە، بەڵام بە پێچەوانەوە بنەمای فەلسەفی پارتیی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تاكو ئەمرۆ ئەوە بووە كە هەر بستێك لە خاكی كوردستان بە پارچەیەك لە جەستەی خۆی بزانیت و، خەمخۆری هەموو بستێكی ئەم كوردستانە بێت لە سەرجەم ناوچەكاندا، بەبێ جیاوازی. بۆیە زۆر ئاساییە كە كەسێكی وەها لە بزووتنەوەیەكی وەهادا لە ڕوانگە و دیدگای بچوكی خۆیەوە، دیدگا و فەلسەفەی پارتی بخوێنێتەوە."

بەرپرسی‌ لقی‌ چواری‌ ئاماژەیشی دا كە "بزووتنەوەی گۆڕان تا ئێستا نەیتوانیوە لە خەوی شارچیەتی، وەئاگا بێتەوە؛ سیاسەت و بیر و كرداریان لە چوارچێوەی ناوچەگەریدایە؛ بۆیە كادرەكانیشیان هەر لەم چوارچێوەیەدا كار دەكەن، هەر لێدوانی ئاوهایشیان لێ چاوەڕوان دەكرێت.
بیركردنەوەی پارتی بیركردنەوەیەكی فراوانی نیشتمانی و گشتگیرە و، هەموو كوردستان بە مڵكی خۆی دەزانێت، بە تایبەتیش سلێمانی، كە پارتی پێی وایە سلێمانی شاری هەڵمەت و قوربانیە و پارتی و سلێمانی گیانێكن لە دوو جەستەدا."
ڕوونیشی كردەوە كە "ئەم قەیرانانەی بۆ هەرێمی دەنێنەوە، بە دەرەجەی یەك دەستی گۆڕانی تێدایە؛ هەوڵی پشێوی و ئاژاوەنانەوە دەدەن و، بە بیانووی خۆپێشاندان ڕێگاوبان لە هاووڵاتیان دەگرن.

ئەوە بزووتنەوەی گۆڕانە لە شاری سلێمانیدا ئاژاوە دەنێتەوە، هەر ئەوانیشن وا لە مامۆستایان دەكەن كە هۆڵی خوێندن جێ بهێڵن و واز لە فێركردنی نەوەی دواڕۆژ بێنن، وا لە دكتۆر دەكەن نەخۆش چارەسەر نەكات و بیتە سەر شەقام."

جەختیشی كردەوە كە "بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت قەیرانی ناوخۆی خۆی بە نانەوەی قەیران لە هەرێم پەردەپۆش بكات، گۆڕان دەیەویت بە ڕاگەیاندنە حزبی و، سێبەرەكانی خۆی، خەڵكی سلێمانی چەواشە بكات، بەڵام خەیاڵیان خاوە و خەڵكی سلێمانی زۆر لەوە هۆشیارترە كە بڕوا بەو دروشمە بریقەدارانەیان بكات."

سەرباز واحید

هەواڵی پەیوەندیدار