"هەر لە سەرەتاوە گوتهكانی عێزەت سابیر بۆ مزایدەی سیاسی بوو"

هەولێر-KDP.info- بڕیاردەری لێژنەی دارایی دەڵی وەزیری دارایی گوتەكانی دكتۆر (د. عێزەت سابیر)ی ڕەت كردەوە و سەرجەم داتا و زانیارییەكانی خستە ڕوو؛ بە گوێرەی داتاكان هیچ پارەیەكی حكوومەتی هەریم لە بانكی كوردستاندا نەبووە، بۆیە هەر لە سەرەتاوە ئەم بابەتەی (عێزەت سابیر) مزایدەی سیاسی بوو.
(هیڤا حاجی میرخان) بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمرۆی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزیری دارایی و نوێنەرانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆمان ڕوون بوویەوە كە ئەو داهاتانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەریگرتووە لە مانگی 11ی پارەوە تاكو مانگی شەش و بەشێكیش لە مانگی حەفتی ئەمساڵ سەرجەمی بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران خەرج كراوە."
(میرخان) ئاشكرایشی كرد كە "لە وەڵامی ئەوەش كە بۆچی پارەی نەوتی فرۆشراو دەچێتە سەر حسابی بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان، باس لەوە كرا كە بانكی كوردستان تەنها بانێکی هەرێمی کوردستانە كە ئیعتباری جیهانیی هەیە، هیچ بانكێكی حكوومی هەرێم ئەو ئیعتبارەی نییە؛ بانكی كوردستان پەیوەندیی لەگەڵ بانكی (كۆمەریس بانك)ـدا هەیە كە لەسەر ئاستی جیهانیدا كار دەكات و، كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهان پارەی خۆیانی لێ دادەنەن. لەمەولا هەوڵ دەدەین ئاستی بانكە حكوومیەكانی هەرێم بەرز بكەینەوە و بگەین بە ئاستی بانكی نێودەوڵەتی."
پێوەست بە بابەتەكەی دكتۆر (عێزەت سابیر) كە گوایە حكوومەتی هەریم ڕێژەی 3 تلریۆن دینار زیاتری هەیە لەبانكەكان و مووچە نادات، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "لە وەڵامی ئەم بابەتەدا وەزیری دارایی ئەم قسانەی ڕەت كردەوە و سەرجەم داتا و زانیارییەكانی خستە ڕوو كە بە گوێرەی داتاكان هیچ پارەیەكی حكوومەتی هەریم لە بانكی كوردستاندا نەبووە، ئۆتۆماتیك قسەكانی ئەم پەرلەمانتارە ڕەفز بوویەوە. بۆیە بە گوێرەی تێگەیشتنم لە وەزیری دارایی بۆم دەركەوت هەر لە سەرەتاوە ئەم بابەتەی (عێزەت سابیر) مزایدەی سیاسی بوو."
سەرباز واحید




