٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"هه‌رێم ئه‌م كارانه‌ی بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كردووه‌"

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند کە لە کوردستاندا لەبەر نەژاد، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، پێگەى کۆمەڵایەتى و زێدنامە، بنەچە، ئایین، بیروباوەڕ، هزر، تەمەن، بارى ئابوورى و، کۆمەڵایەتى و، سیاسى، یان کەمئەندامى، هیچ جیاوازییەکی ناخرێتە نێوان خەڵک و، جیاوازیخستن قەدەغەیە و، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شایەتی ڕێکخراو و کەسایەتییە جیهانییەکان، حەوانگە و شوێنی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بووە و ئەو دووملیۆن ئاوارە و پەنابەرە نیشتەجێیەی کوردستان بەڵگەی ئەم ڕاستیانەیە.

زێباری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە بۆ وەڵامدانەوەی ڕاسپاردەکانی گفتوگۆی مێزی خولاوی پاڵپشتیکردن و پاراستنی یاسایی پەنابەران کە لەنێوان ئاژانسە ئەمریکایەیەکەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) و حکوومەتی ئیتیحادیدا سازی کردبوو گوتی: "بە داخەوە لەم گفتوگۆیانەدا نوێنەری هەرێمی کوردستان ئامادە نەبووە بۆ ئەوەی هەرهیچ‌نەبێ تێبینییەکانی خۆی پێشکەش بکات هەروەها بە هیچ شێوەیەک بارودۆخی تایبەتی کوردستان وەک قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش لەبەرچاو نەگیراوە کە سەرەڕای قەیرانی دارایی و شەڕی سەپێنراوی داعش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی پابەندبوونی بە پرەنسیپەکانی پاراستنی مافی پەنابەرێتی.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیەوە لە هەموو بوارێکدا خزمەتگوزاریی پێویستی پێشکەش بەم ئاوارە و پەنابەرانە کردووە و تا ئێستاش بەردەوامە."

سەرۆکی لیژنەی باڵای بەدواداچوون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی ڕێوشوێنەکانی هاتنی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بازگەکان گوتی: "ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە بازگەکاندا پەیڕەوی دەکەین کارێکی ئاساییە و پەیوەندی بە ئاسایشی و سەقامگیریی هەرێمەوە هەیە و لە هەموو جیهان ڕێوشوێنی تایبەت دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی ئاسایش بۆ وردبینی و دڵنیایی لە ناسنامەی ئاوارە و پەنابەران، لەگەڵ ئەو زانیاریانەی هەیە دەربارەی لیستی ناوی تیرۆریستان لای دامودەزگا ئەمنییەکان ئەم ڕێوشوێنانەش تەنیا ئاوارەکان ناگرێتەوە، بەڵکو هەر کەسێک بە بازگەکان تێپەڕ بێت داوای ناسنامەی لێ دەکرێت، چونکە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هەموو ئاوارەیە ئاسان نییە."

لە بارەی سەردانی کەمپەکانیش لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومیە عێراقی و کوردستانییەکانیش زێباری گوتی: "بەپێی بەرنامەیەکی تایبەت لەلایەن دەزگا پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرانی کەمپەکان ڕێکخراوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە یوئێن وەک (IOM، UNHCR  یونسێف، تاد). ئەم ڕێکخراوانە لەناو کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەراندا بوونیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و هەڵدەستن بە سەرپەرشتیکردنی دابەشکردنی یارمەتی و هاوکارییەکان بەسەر ئاوارە و پەنابەران، ڕێکخراوە ناحکوومییەکان  (NGO)ی کوردستان و عێراق، ئەمانە لە نێو کەمپەکاندا کار دەکەن و ئەو کارانە ئەنجام دەدەن کە ڕێکخراوەکانی سەر بە یوئێن پێیان دەسپێرن، ئەنجامدانی ڕاپرسی و داتا کۆکردنەوە لەنێو کەمپەکاندا لەلایەن ڕێکخراوە ناحکوومییەکان  (NGO)ی کوردستانی و عێراقی پێویستی بە ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆ یان پارێزگا هەیە لەبەر هۆکاری ئەمنی."

ئاوارەکان مافە یاساییانەی لە کوردستان بۆ دابین کراوە لەم بارەیەوە زێباری گوتی: "جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست حکوومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری بە لایەنی یاسایی ئاوارەکان بە گشتی، بۆ نمووە دوای ئاوارەبوونیان ئێزدییەکان پێویستیان بە یارمەتیدانی یاسایی هەبوو بۆ داواکردنی مافەکانی خۆیان، بۆیە لە مانگی 12ی 2014 لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر لە (33،029) کەیس لە ڕووی یاساییەوە لە بوارە جیاجیاکا پاڵپشتی کراون و ژمارەی ئەو کەسانەی سوودیان لەم پاڵپشتییە وەرگرتووە لە مانگی 3ی ساڵی 2015 گەیشتە (60،000) کەس.

هەروەها زۆربەی هەرە زۆری ئاوارە ئێزدییەکان بەڵگەنامە ڕەسمییەکانیان نەبوو کاتێک ئاوارە بوون، بۆیە فۆرمێکی تایبەتیان بۆ دروست دەکرێت لە قایمقایمیەتی شنگال بە ناوی (استمارە استبدال) بە شێوەیەکی کاتی بۆ ڕاییکردنی کاروبارەکانیان و لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتەوە کاری پێ دەکرێت و ئەوانەی کە لە شنگال ڕزگار بوون سەرەتا نووسراویان بۆ دەکرێ بۆ فەرمانگەی باری شارستانی لە شێخان، دوایی نووسراوێکی تریان بۆ دەکرێ بۆ فەرمانگەی ڕەگەزنامە لە شێخان بۆ دەستخستنی ڕەگەزنامە ئەم دوو فەرمانگەیەش سەر بە بەغدان و، بە هەماهەنگی لەگەڵ دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم کار دەکەن، ئینجا بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت و نشینگەی دهۆک پاسپۆرتیان بۆ دەردەکات، بەمەش ئەو ئاوارانە دووبارە دەبنەوە خاوەن ئەم بەڵگەنامە پێویستانە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار