پیلانێكی حەشدی شەعبی لە دژی كەركووك ئاشكرا کرا

كەركووك-KDP.info- هەمیشە باس لە مەترسییەكانی هاتنی میلیشیا شیعەكان بۆ سنووری كەركووك و خوورماتوو و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە كراوە و، هۆشداری لەبارەی زیادبوونی ژمارەی چەكدارە شیعەكان لەو ناوچانە دراوە، ئێستایش ئەو مەترسییانە وردە وردە خەریكە دەردەكەون.
سەرچاوەیەكی باوەڕ پێكراو، پیلانێكی مەترسیداری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە دژی كەركووك بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" ئاشكرا دەكات، بە پێی گوتەكانی ئەو سەرچاوەیە، حەشدی شەعبی بە تەمای دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی گەورەیە لە گوندی (بەشیر)ی باشووری ڕۆژئاوای كەركووك.
گوتیشی: "(هادی عامری) بەرپرسی میلیشیای (بەدر) و، سەركردەی دیاری حەشدی شەعبی، لە كۆبوونەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە، تاكو ئەو هێزانەی ئێستا لە گوندەكەن، ژمارەیان نەگاتە دە هەزار چەكدار، ڕێگە نادەین پێشمەرگە بەشداری گرتنەوەی گوندەكە بكات".
سەرچاوەكەی "هەولێر" ئاماژەی بەوەیشدا: "(عامری) گوتوویەتی، چی كاتێك دە هەزار چەكدارمان كۆكردەوە، بنكەیەكی سەربازی دادەمەزرێنین، بۆ ئەوەی ببینە هێزی ڕكابەری كورد لە كەركووك و، بە بێ ئێمە نەتوانێت هیچ بكات".
دەشڵێت: "ئامانجی سەرەكی شیعەكان، كۆكردنەوەی دە هەزار چەكدارەكەیە، ئەوەیشی بێتە سنوورەكە ناگەڕێتەوە و جێگیر دەبێت، نهێنی دواكەوتنی گرتنەوەی گوندی (بەشیر)یش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە".
لە ماوەی ڕابردوودا، هێزەكانی پێشمەرگە توانیان ڕووبەرێكی فراوان لە باشوور و ڕۆژئاوای كەركووك و داقووق و خوورماتوو لە تیرۆریستانی داعش پاكبكەنەوە، بەڵام تا ئێستا حەشدی شەعبی نەیتوانیوە گوندی (بەشیر)ی شیعەنشین ڕزگار بكات، ئەمەیش پرسیاری لای زۆربەی چاودێران دروست كردووە، دیارە پەیتا پەیتا نهێنییەكان ئاشكرا دەبن و، مەرامی میلیشیا شیعەكان لە ناوچە كوردستانییەكان زیاتر ڕوون دەبنەوە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی "هەولێر" لە سەرچاوەكەوە دەستی كەوتووە، دوو ڕۆژ پێش هێرشەكەی پێشمەرگە بۆ سەر گوندی (ئەلبو محەمەد) و گوندەكانی تر، سێ هەزار چەكداری شیعەی سەر بە میلیشیای (ابو الفچل العباس) چوونەتە شارەدێی (تازە خوورماتوو)ی باشووری كەركووك.
پێرێ، ماڵپەڕی (المدی)، لە زاری فەرماندەی فەوجێكی حەشدی شەعبی لە ناوچەی (لەیلان)ی باشووری كەركووك بڵاویكردەوە، هەزار چەكداری حەشد لە ماوەی دوو ڕۆژی دادێ خۆیان ئامادە دەكەن، بۆ ئەوەی ڕوو بكەنە ناوچەی (فەتحە)ی پارێزگای سەڵاحەدین و، لەگەڵ هێزەكانی دیكەدا یەكبگرن، كە خۆیان بۆ گرتنەوەی شارەدێی (ڕەشاد) و دەورووبەری ئامادە دەكەن.
عەقید (خەڵەف ئیبراهیم جبووری)، باسی لەوەیشكرد: "بە پێی ئەو فەرمانانەی لە هادی عامریەوە وەرمانگرتوون و، لە ڕێگەی ئەبو ڕەزا نەجار، فەرماندەی لیوای شانزەی حەشدی شەعبی توركمانەوە پێمان گەیشتوون، داوامان لێكراوە، هەموو تواناكانمان ڕێكبخەینەوە و لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەدا هەماهەنگی بكەین، بۆ ئەوەی حەویجە و شوێنەكانی تر لە داعش پاكبكەینەوە".
لای خۆیەوە، (محەمەد خەلیل جبووری) سەرۆكی كوتلەی عەرەبەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ (المدی) ئاشكرای دەكات:" هێزێكی حەشدی شەعبی، عەرەبی كەركووكیشیان تێدایە، دەچنە هەمان ناوچەی پارێزگای سەڵاحەدین و، لەگەڵ هێزەكانی ئەوێ، بەشداری شەڕی گرتنەوەی شارۆچكەی (حەویجە) و شارەدێكانی دەكات".




