٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمساڵ نزیكەی 2 هەزار قوتابیی ئێزدی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم وەردەگیرێن

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش دەڵێت، ساڵانە قوتابیانی كوردی ئێزدی بەپێی نمرەكانیان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان دێنە وەرگرتن و، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش نزیكەی 2 هەزار قوتابی وەردەگیرێن.

(شێخ شامۆ) سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش، كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە لە فراكسیۆنی زەرد، بە ‌ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی ئەو لیستەی لامانە كە هیی قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكانە و ڕەزامەندیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) پێ دەرچووە كە ئێستا لە وەزارەتی خوێندی باڵایە و بەهەند وەریان گرتووە، پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیانی كوردی ئێزدی لە ساڵی 2006ـەوە دەستی پێ كردووە و ساڵانە لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم دێنە وەرگرتن، وەكو بنكەی لالش لە نێوان بەغدا و هەرێمدا بۆ ئەم مەبەستە كارمان كردووە و ژمارەی قوتابیانی وەرگیراو تا ئێستا گەییشتووەتە 6 هەزار قوتابی".
سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش گوتیشی: "لەو رەوشەی ئێستادا كە كوردانی ئێزدی تێیدان و ئەو كارەساتەی بەسەر خەڵكی ئێمەدا هات، سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەییشتنە ئەو باوەڕەی هەموو ئەو قوتابیانەی كوردانی ئێزدی كە وەكو میوان دەوام دەكەن، ببنە گواستراوە و ئەوانەی دیكەیش هەموویان كە پۆلی دوازدە تەواو دەكەن، بەپێی رێژەی نمرەكانیان وەكو قوتابیانی هەرێم دێنە وەرگرتن".
( شێخ شامۆ) ئاماژەشی دا بەوەی كە "رێژەی ئەو قوتابیانەی ئەمساڵ دێنە وەرگرتن بەپێی ئەو لیستەی لە بەردەستماندایە، هەزار و 400 قوتابییە تاوەكو ئێستا، پێشبینییش دەكرێت رێژەكە بۆ زیاتر لە 2 هەزار قوتابی بەرز ببێتەوە، چونكە ژمارەیەك قوتابی لە چەند ساڵی پێشوودا نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن".

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار