بێ هۆ نهبووه.. پەرلەمانتارێکی پارتی مانی شکاند

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ 23 پەرلەمانتار وەک ھەڵوێستوەرگرتن دەربارەی قەیرانەکان مانگرتیان لە پەرلەمان ڕاگەیاند؛ (دڵشاد شەعبان) مانگرتنەکەی شکاند و، ھۆکارەکەشی ئاشکرا دەکات.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنە جیاجیاکان ئیمزام کرد بۆ مانگرتن دژی ئەو قەیرانانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەن و، چۆنیەتیی چارەسەرکردنیان بە نیەتێکی پاک و دور لە ئینتیمای حزبی، بە دیتی من نەبوونی ھەماھەنگییەکی باش و کارا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە تایبەتی ئابووری و بژێوی خەڵک لەنێوان حکوومەت و، پەرلەماندا نەبووە؛ ئاخر ئەو دەزگایانە هەر کامەیان و، خۆی بە گەورەتر و بەھێزتر دەزانێ و، وازیش ناهێنن. کەچی لە ھەموو وڵاتانی دیموکراتیک و پەرلەمانیدا، دەبێ هەرسێ دەسەڵاتەکە واتە دادوەری و جێبەجێکەر و یاسادانەر، بەبێ ئەوەی دەست بخەنە دەسەڵاتی یەکدییەوە، ھەماھەنگییەکی تەواویان لە بەیندا هەبێت؛ تا کێشەیان پێ چارە بکرێت و، کاروباری ھاووڵاتیان ببەن بەڕێوە؛ بەڵام بە داخەوە لەبەر ناھەماھەنگی، قەیرانەکە قووڵتر بووەتەوە و، بازاڕی مزایەدە و، ناشیرینکردنی یەکتر گەرمە لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا؛ خەڵکی بێتاقەت و بێزار کردووە."
(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، بۆ ئەوەی ھەماھەنگی دروست بێت و، بەینی حکوومەت و پەرلەمان خۆش ببێتەوە و قەیرانەکەیان پێ چارە بکرێ و، ببێتە ھەنگاوێک بۆ ئاشتەوایی سیاسی و، کۆمەڵایەتی پێشنیازێکم ئاراستەی ھەڤاڵانی مانگرتوو کرد، بەڵام پێی ڕازی نەبوون، بۆیە بڕیارم دا نەبمە بەشێک کە ھیچ سوودێکی بۆ چارەکردنی ئەو قەیرانانە نەبێت کە پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە.
سەبارەت بە پێشنیازەکان گوتی، دەشێ ئێمە ببینە سەبەبی خێر لەنێوان حکوومەت و پەرلەماندا و، سەردانی سەرۆکایەتیی حکوومەت و پەرلەمانیش بکەین و، لێیان بپرسین لەبەرچی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران نایەنە پەرلەمان لێیان بپرسنەوە؟ بۆ مووچە دوا دەکەوێ؟ بۆ هێشتا چاکسازیی ئیداری نەکراوە؟ بۆ بندیوار و، مووچەخۆری نایاسایی پاک ناکرێنەوە و، خەرجی کەم ناکرێتەوە؟ ئاخۆ هەر خەتای پارتییە قەیران داویەتی لە کوردستان؟ ئەگەر وایە بۆ لایەنەکانی دیکە بێدەنگن و ناکشێنەوە لە حکوومەت؟ لەبەرچی ڕوونکردنەوەیەکی بەڵگەدار پێشکەش ناکەن دەربارەی قەیرانەکان و، ھیچ دەنگیان نییە؟
ئەوەشی خستە ڕوو، ئەگەر وەڵامیان باوەڕپێکراو بوو با دەست لەناو دەست بنێین و، ھەوڵی چارەسەرکردنیان بدەین و، دڵی خەڵک خۆش بکەینەوە و، ئەگەر باوەڕپێکراو نەبوو وەڵامەکە من یەکەم کەس دەست لەکار دەکێشمەوە و، باشتریشە ئەگەر 50+1 پەرلەمانتاران دەست لە کار بکێشنەوە و، حکوومەت و، پەرلەمان ھەڵبوەشێنەوە و، پەرلەمان و حکوومەتێکی نوێ دروست بکرێت، لە ئاستی قەیران و باشترکردنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتیاندا بێت.
بڵند ئیبراھیم




