هۆڵەندا لە هاوكاریكردنی هەرێم بەردەوام دەبێ

ههولێر-KDP.info- سهرۆكوهزیرانی كوردستان پێشوازی له باڵیۆزی نوێی هۆڵهندا له عێراق كرد و لهمیانی دیدارهكهیشدا باڵیۆزی هۆڵهندا رایگهیاند كه وڵاتهكهی له هاوكاریكردنی ههرێمی كوردستان بهردهوام دهبێ.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 6/10/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە جان واڵتمانس باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا باڵیۆزی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پابەندبوونی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە پیشان دا. هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە لەمێژینەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا كرد و هیوای تۆكمەتركردنی ئەو پێوەندییانەی لە هەموو بوارەكاندا خواست.
لای خۆیەوە (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ بەڕێز واڵتمانس وەك باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق خواست و ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی بۆ هەر هاوكاریی و پشتگیرییەك دەربڕی. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی هۆڵەندای كرد بۆ ئەو پشتیوانییە سەربازی و مرۆییەی كە لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش، پێشكەش بە هەرێمی كوردستانیان كردوە.
دواتر تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی هەنووكەییی پێوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق لەوانە، شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، بارگرانی هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمی كوردستان، ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا وەك خۆی و بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، لەمبارەیەشەوە جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بڕوای بە دیالۆگ و گفتوگۆیە بۆ چارەكردنی كێشەكان.
هەروەها ئاماژەی بە پرۆسەی چاكسازی و پابەندبوونی حكوومەتی هەرێم بەو پرۆسەیەوە لە هەموو بوارەكاندا كرد بە تایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و داراییەوە. سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیشەوە ئاماژەی بەوە كرد كە جیاوازیی بیروبۆچوون لە نێوان لایەنەكاندا هەیە و ئێستا هەموولایەنەكان لە گفتوگۆ و دانوستاندان بۆئەوەی پرسەكە چارە بكەن.
جەختی لەوەش كردەوە كە لە هەموو كێشەكان زیاتر، قەیرانی دارایی خەڵكی هەرێمی كوردستانی هەراسان كردووە و دووپاتی كردەوە هەرچەند هەرێمی كوردستان توانای زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوتی هەیە، بەڵام دابەزینی نرخەكەی هۆكارێكی دیكەیە بۆ بەردەوامیی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.
باسكردنی پێوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا لە هەموو بوارەكانەوە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەم بارەیەشەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە دەرگاكانی هەرێم بۆ كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی هۆڵەندا واڵایە و هانی وەبەرهێنەران دەدات بێن سەرمایەگوزاری لە هەرێمی كوردستان بكەن و بەم ڕێگەیەشەوە هاوكار بن بۆ كەمكردنەوەی ئەو قەیرانە ئابووریەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە.




