٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیکەرێکی ئالان کوردی لە کەناراوێکی دەریای ڕەشدا دانرا

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-   شێوەکارێکی کورد بۆ یەکەمجار ھەڵدەستی بە دروستکردنی په‌یكه‌رێكی ئالان کوردی لە کەنارەکانی دەریایی ڕەش لە وڵاتی جۆرجیا، کە گەشتیاران بە شێوازێکی سەرنج ڕاکێش وێنەیی لەگەڵ پەیکەرەکە دەگرن، ئەم شێوەکارە بێجگە لە دروستکردنی ئەم پەیکەرە ھەڵساوە بە کردنەوەی پێشانگایەکی ھاوبەشی بۆ تابلۆکانی ئالان کوردی لە یەکێک لە گەلەرییەکانی تبلیسی پایتەختی گورجستان (جۆرجیا).

سەردار قادر شێوەکاری کورد لە لێدوانێکی بۆ  ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان  گوتی: "لە نوێترین پرۆژەی ھونەریم لەسەر پەپوولەبەهەشتی "ئالان کورد" بوو، ئەوەیش  جیاواز لە جارەکانی پێشووترم، کارەکەم لە وڵاتی جۆرجیا کرد،کە  کردنەوەی پێشانگەی ھاوبەشی بۆ تابلۆکانی "ئالان" بوو، ھەروەھا دروستکردنی پەیکەرێک لە کەنارەکانی باتۆم لای دەریای ڕەش."

گوتیشی: "من وەکو شێوەکارێکی کورد ڕووداوەکەی "ئالان کورد" زۆر کاری تێ کردم؛ بۆیەش بڕیارم دا کارێکی جیاواز بکەم، ئەمە بوو ویستم بچمە ئەو شوێنەی ئالانی لێ خنکابوو وەکو پەیکەرێک و هونەرکارییەکی جوان بکەم، ھەروەکو وەفایەک بۆ ئەم جوانەمەرگە. بە داخەوە نەمتوانی بچمە  بۆدرومی سنووری ئاوی نیوان تورکیا و یۆنان، ئەویش لەبەر چەند ھۆکارێک  ڕێگایان پێ نەداین بچین و کارەکە بکەین. دواتر چوومە گورجستان و لە کەناری دەریای ڕەشدا کارەکەم کرد."

لەسەر ڕێگری وڵاتی تورکیا گوتی: "سەرەتا بڕیارم دابوو بۆ یەکەمجار لە بۆدرمی سنووری ئاوی نیوان تورکیا و یۆناندا کارەکە بکەم، بەڵام بەداخەوە ڕێگایان پێی نەدام بچم دروستی بکەم، ئەوەش زیاتر لە بیری ئەوان وەکو کارێکی سیاسی لێ ھاتووە، ئیتر دەبێت ئەوە جیا بکەنەوە کە ھونەر پەیام و ئامانجی خۆی ھەیە، دواتر مەرگی ئالان بووە جیهانی لە بازنەیەکی بچووک نەماوتەوە، زیاتر مەرگی ئالان بە لای ئەوانەوە شکاوەتەوە و کارێکی لەو شێوەیەش پێویستی بە مۆڵەت بوو، ئەگەر لە ماوەی دابێ لایەنی بەرپرس ھاوکارم بن، من ئامادەم کارێکی لەوەش گەورەتر بکەم و زیاتریش خۆم ماندوو بکەم."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار