٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، لەبارەی دەستگیرکراوەکانەوە، وەڵامی پەکەکە دەداتەوە

سەرچاوە: KDP.info

وەرتێ-KDP.info-  ماوەی چوار رۆژە موختاری گوندی زارگەڵی لەلایەن پارتیی كرێكارانی كوردستان(پەکەکە)وە دەستگیر كراوە و تا ئێستایش ئازاد نەكراوە، خەڵكی گوندەكەیش داواكارن هەرچی زووە ئازادی بكەن و پەكەكەیش بنكە و بارەگاكانی خۆیان لە گوندەكە ببەنە دەرەوە.

(سامان محەممەد) بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ بە وەكالەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو سێ كەسەی كە چوار رۆژ بوو لە لایەن پارتیی كرێكارانی كوردستانەوە دەستیگر كرابوون، دوو لەوانە ئازاد كراون، بەڵام تا ئێستا موختاری گوندەكە ئازاد نەكراوە، ئێمەیش وەك لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ پەكەكە بۆ ئازادكردنی موختاری گوندەكە، ئەوانیش رایانگەیاندووە كە ئازادی دەكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێك دیار نییە".

(محەممەد) گوتیشی: "پەكەكە باس لەوە دەكەن كە موختاری گوندەكە لەسەر سیخوڕی دەستگیر كراوە، بەڵام هەموو ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە، خەڵكی گوندەكە بەردەوام داوایان لە پەكەكە كردووە بنكە و بارەگاكانی خۆیان لە گوندەكە ببەنە دەرەوە، بەڵام ئەوان ئامادە نین ئەو كارە بكەن، لەگەڵ ئەوەی تازە پەكەكە رێگە بە خەڵكی گوندەكە نادات بگەڕێنەوە، ئەوەیش ژیانی هاووڵاتیانی گوندەكەی خستووەتە مەترسییەوە، بۆیە داوا لە پارتیی كرێكارانی كوردستان دەكەین دەست لەو كارانە هەڵگرن و هاوكاری خەڵكی ناوچەكە بن، نەك دەست بخەنە ناو كاروباری هاووڵاتیانەوە".

رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار