٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرلەمانتارێكی پارتی، هەواڵێكی بەشێك لە مێدیاكان بە درۆ دەخاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەتی دەكاتەوە كە سەركردایەتیی پارتی داوای جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ـی لێیان كردبێت و دەڵێت، هەر كەس و مێدیایەك قسەی لەم شێوەیە بكات، نەزانییەكی گەورە دەكات.

چەند پەرلەمانتارێكی ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق و چەند مێدیایەك بڵاویان كردووەتەوە، كە گوایە ‌فراكسیۆنی‌ پارتیی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن سەركردایەتیی‌ پارتییەكەیەوە ئاگادار كراوەتەوە كە بە هیچ شێوەیەك لە بەغدا باسی ماددەی‌ 140 نەكەن.
پێوەست بەم بابەتە، (سیروان سیرینی) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی زەرد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، رەتی دەكاتەوە كە سەركردایەتیی پارتی داوای جێبەجێنەكردنی ماددەی 140ـی كردبێت و دەڵێت، هەر كەس و مێدیایەك قسەی لەم شێوەیە بكات، نەزانییەكی گەورە دەكات، چونكە لە كوردستاندا، خەبات و قوربانیدان زۆرینەی بەر پارتی كەوتووە و خاوەنی دوورودرێژترین خەباتە و زۆرینەی بەرپرسیارەتییەكانی هەرێمی كوردستانی لە ئەستۆ گرتووە و خودی (سەرۆك بارزانی)ـیش ئەوە زیاتر لە ساڵێكە هەمیشە پێشمەرگەئاسا لە بەرەكانی شەڕدایە، بۆیە بە هیچ جۆرێك ناچێتە عەقڵەوە كە سەركردایەتیی پارتی وەها كارێك بكات، بەڵكە ئەمە موزایەدە و قسەی هەڵبەستراوە كە هیچ كەسێك باوەڕی پێ ناكات و مەبەستیش لێی تەنیا كەمكردنەوەی هەیبەتی پارتییە.


(سیرینی) گوتیشی: "بە كردەیی زۆربەی هەرەزۆری ناوچەكانی ماددەی 140ـمان ئازاد كردووە و پێشمەرگە لە ئێستادا بەرگرییان لێ دەكات، ئێمەی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران رێژەمان بیست لەسەدە و بە تەواوییش یەكدەنگ و یەكڕیز نین، رێژەكەیشمان ئەوەندە نییە كە باسی ماددەی 140 بكەین و بە بێ كێشە بۆمان تێپەڕێ، لەملایشەوە حكوومەتی عێراق لەم دۆخە شپرزەیەی ئێستایدا مەحاڵە نیەتێكی وەهای بەرانبەر بە كورد هەبێت و ماددەی 140 جێبەجێ بكات، بەڵام ئەگەر نوێنەرانی كورد لە بەغدا یەكگرتوو بن و یەكڕیز بین، دەتوانین لە داهاتوودا پرسی دیفاكتۆی ماددەی 140 و سەرجەم بابەتە هەستیارەكانی دیكەی كورد لە بەغدا بە بێ كێشە و بۆ بەرژەوەندیی كورد یەكلا بكەینەوە."

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار