٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی ئەنجوومەنی وەزیران بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی كوردستانەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكدا بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی كوردستانەوە ڕایدەگەیێنێت، حكوومەتی هەرێم بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە خۆڕاگری و لەخۆبوردوویی مامۆستایان لەم دۆخە نەخوازراوەی كە چەندین قەیرانی ئابووری و دارایی دووچاری هەرێمەكەمان بووە و كاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هەمووان كردووە.

ئەمەیش دەقەكەیەتی:
  
بە بۆنەی ڕۆژی مامۆستایانی كوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایانی كوردستان دەكەین كە هەمیشە و لە هەموو سات و قۆناخە جیاجیاكاندا هەڵگری مەشخەڵی زانست و پێشكەوتن بوون و فێركەر و پەروەردەكەری نەوە بە نەوەی گەلەكەیانن.
مامۆستایانی دڵسۆز و بەڕێزی كوردستان..
دڵسۆزی و ماندوویینەناسی و خزمەتی گەورەی ئێوە بە گەل و نیشتیمان، لە پشت ئەو پیرۆزییەوەن كە بە ناو و پیشەكەتان بەخشراوە و هەمیشە پێگەی تایبەت و دیارتان لەنێو كۆمەڵگادا هەیە.
حكوومەتی هەرێم بە چاوی ڕێز و پێزانینەوە دەڕوانێتە خۆڕاگری و لەخۆبوردوویی ئێوەی دڵسۆز لەم دۆخە نەخوازراوەی كە چەندین قەیرانی ئابووری و دارایی دووچاری هەرێمەكەمان بووە و كاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هەمووان كردووە.
بەردەوامبوونتان لە خزمەتكردن لە هۆڵەكانی خوێندن و ئامادەبوونتان لە بەردەم تەختەڕەشی قوتابخانەكاندا، وەك ئامادەبوونی پێشمەرگە قارەمانەكانمان لە بەرەكانی شەرەف و سەرفرازی، لای گەلەكەمان جێگەی ڕێزێكی زۆرە بۆتان كە هەمیشە چاوەڕێی ئەو هەڵوێستە دڵسۆزانەیەتان لێ كراوە كە شیاو بە ناو و پیشە پیرۆزەكەی خۆتانە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستەبەركردنی ماف و خواستەكانی ئێوە و سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان بە ئەركی سەرەكیی خۆی دەزانێ و وێڕای سەختیی بارودۆخەكە، بەردەوام لە خەمی بەجێهێنانی ئەم ئەرك و بەرپرسیارەتییەیە و بەردەوامیش دەبێت لەم پێناوەدا.
دووبارە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەین و پێزانین و ڕێزی زۆرمان بۆ دڵسۆزی و خەمخۆریتان هەیە لە پێگەیاندن و پەروەردەكردنی نەوەكانمان كە چرا و ئومێدی ئاییندەی ئەم گەل و نیشتیمانەن.


ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان
٦/١٠/٢٠١٥

هەواڵی پەیوەندیدار