٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بانكی نێودەوڵەتی: قسەكانی عیززەت سابیر هیچ بنەمایەكیان نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان، ئەو هەواڵەی ڕەت كردەوە كە (عیززەت سابیر) سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان گوتبووی گوایە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلاری لای بانكی نێودەوڵەتیی كوردستانە.
(شێخ سالار مستەفا) بەڕێوەبەری بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان ڕایگەیاند: "بە هیچ شێوەیەك وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلاری لەلای ئێمە دانەناوە تاوەكو دەستی بەسەردا بگرین لەبەر هۆكاری سیاسی، ئەو هەواڵەیش دوورە لە ڕاستییەوە و گاڵتەكردنە بە هەستی خەڵك".
(شێخ سالار) گوتیشی: "بەداخەوە (عیززەت سابیر) بە بێ ئەوەی هیچ پرس و راوێژێك بە ئێمە بكات و راستیی هەواڵەكە پشتڕاست بكاتەوە، ئەو قسانەی كردووە كە هیچ بنەمایەكیان نییە".
بەڕێوەبەری بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان ئاشكرایشی كرد كە، لە ئێستادا تەنیا 62 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری ئەمەریكی لە پارەی فرۆشراوی نەوتی كوردستان لە بانكەكەیانە و ئەویش لە رۆژی چوارشەممەی داهاتووەوە دەتوانرێت لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی بدرێتە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و، ئەوەیشی دەمێنێتەوە، دەدرێتە هێزەكانی زێرەڤانی".
زاگرۆس

هەواڵی پەیوەندیدار