هەوڵەكان بۆ ناساندن و بەرفراوانكردنی مەزری كێلێ بەردەوامن

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ماوەیەكە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و ئێران لە هەوڵدان بۆ بەرفراوانكردن و بەنێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ تا خەڵكی ئەو سنوورە و هاووڵاتیانی كوردستان بە گشتی لە رووی هاتوچۆكردن و بارزگانییەوە لێی سوودمەند بن.
(نازم كەبیر هەركی) جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "بەدواداچوون دەكەین بۆ ئەوەی مەرزی كێلێ لە دەڤەری ڕاپەرین و قەڵادزێ بەرفراوان و بەنێودەوڵەتی بكەین، ماوەیەكیش بەر لە ئێستا شاندێكمان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و كۆنسووڵی ئێران لە هەرێم و لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كۆ بووینەوە و دواتر سەردانی مەرزی كێلێمان كرد لەگەڵ پارێزگاری ورمێ و فەرمانبەران و قایمقامی سەردەشت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ورمێ كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام دا بۆ ئەوەی مەرزی كێلێ بكرێتە مەرزێكی فەرمی و بەرفراوان بكرێت و، خەڵكی ناوچەكە و هەرێمی كوردستانیش بە گشتی سوودی لێ ببینێ هەم بۆ هاتوچۆ و هەمیش بۆ بازرگانیكردن".
(هەركی) گوتیشی: "رێككەوتنێك لەسەر چەند خاڵێك واژۆ كرا، لەوانە دەستنیشانكردنی شوێنێك لە ماوەیەكی كورتدا و رێگاكەش قیرتاو بكرێت و شوێنەكەیش لە مین پاك بكرێتەوە بۆ ئەوەی تا دوو مانگی دیكە بكەوێتە ئیش، بۆیە لیژنەیەك لە هەردوولا پێك هات بۆ ئەم مەبەستە تاوەكو بەم زووانە گشت فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ئەوانەی پێویستن لەو مەرزە دابنرێن تا مەرزەكە بكەوێتە كار".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: "بەنێودەوڵەتیكردنی ئەم مەزرە پێویستی بە رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە لە بەغدا، بۆیە هەوڵ دەدین گشت رێكارەكان بگرینە بەر بۆ بەرفراوانكردنی ئەم مەزرە تا بە فەرمی بێتە ناساندن، بۆ ئەم مەبەستەیش سەردانی بەغدامان كردووە و لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان تا بۆ ئەم مەبەستە چی پێویست بێ بیكەین".
نەشوان بەرزنجی




