هەردوو وەزیری تەندروستی و ژینگە بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بە هۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كولێرا و چەند بابەتێكی ناڕوون، لەلایەن لیژنەی تەندروستییەوە هەردوو وەزیری تەندروستی و ژینگە بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێن.
(د. شرین حوسنی) ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە دواكۆبوونەوەی لیژنەی تەندروستیدا، بڕیارمان دا بانگهێشتی وەزیری تەندروستی و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە بۆ لیژنەكەمان لە پەرلەمان بكەین".
(حوسنی) گوتیشی: "هۆكاری بانگهێشتكردنەكە ئەوەیە كە پێش ئێستا لە شاری كەركووك دوو حاڵەتی نەخۆشیی كولێرا پەیدا ببوون و بیستوومانە لە كەلاریش حاڵەتێك هەیە، بۆیە ویستمان لەلایەن وەزیرەوە پشتڕاستی بكەینەوە، چونكە لەوانەیە چەند حاڵەتێكی دیكە هەبن هێشتا ئاشكرا نەبووبن، لەبەر ئەوە بە پێویستمان زانی وەزیرانی پەیوەندیدار بانگهێشت بكەین لەسەر ئەم نەخۆشییە و چۆنیەتیی خۆئامادەكارییان لە كاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی، چونكە نەخۆشییەكی مەترسیدارە و زوو بڵاو دەبێتەوە، لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكەیش كە روون نین گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەین".
ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر گوتی: "چەند زوو وەزیرەكان ئامادە بن باشترە، چونكە نەخۆشیی كولێرا مەترسیدارە و زوو ئامادەبووینان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانە، بۆیە رۆژی چوارشەممەمان داناوە بۆ ئەوەی ئەم دوو وەزیرە ئامادە بن، بە نووسراویش ئاڕاستەمان كردوون".
نەشوان بەرزنجی




