مینا ئاوه‌كه‌ڵه‌یی: گۆڕان موزایه‌ده‌ی سیاسی به كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته‌وه ده‌كات

سلێمانی-KDP.info- ''سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ڕه‌چاوی یاسا و ڕێساكان ناكات''، ئه‌مه قسه‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانییه و، ده‌یشڵێت، كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، له‌سه‌ر پێشنیازه‌كانی وه‌زیری دارایی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهات، موزایه‌ده‌ی سیاسییه و هیچی دیكه هه‌ڵناگرێت، چونكه وه‌ك (مینا سامی ئاوه‌كه‌ڵه‌یی) ده‌لێت، به‌پێی یاسا ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ناتوانێت له‌سه‌ر بابه‌تێكی له‌و شێوه‌یه، كۆ ببێته‌وه و بڕیار بدات.
(مینا سامی ئاوه‌كه‌ڵه‌یی) ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، 'كه بڕیار وایه سبه‌ینێ، ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێك كۆ ببێته‌وه، یه‌كێك له‌و ته‌وه‌رانه‌یش كه له‌باره‌یه‌وه كۆ ده‌بێته‌وه، له‌سه‌ر پێشنیازه‌كانی وه‌زیری داراییه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهات، كه ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌ن كراوه، خۆی له ڕاستیدا به‌پێی یاسا، ئه‌و كاره كاری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا نییه، ئاخر ناكرێت له‌سه‌ر پارێزگایه‌ك جێبه‌جێ بكرێت و له‌سه‌ر پارێزگاكانی دیكه جێبه‌جێ نه‌كرێت! ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و بابه‌ته له ئه‌نجوومه‌ن تاوتوو بكرێت و باس بكرێت، ئه‌دی باشه كاری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا به‌پێی یاسای ژماره 3 ده‌ستنیشان كراوه، ئه‌م كاره ته‌نیا موزایه‌ده‌ی سیاسییه.
(ئاوه‌كه‌ڵه‌یی) جه‌خت ده‌كاته‌وه، ''گۆڕان كه سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای به ده‌سته‌وه‌یه، ده‌یه‌وێت خۆی ده‌ربخات و ده‌نگده‌ری خۆی زیاد بكات، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی یاسا و ڕێساكان بكات كه له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، چونكه به‌پێی یاسا پرۆژه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه ده‌بێت له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا باس بكرێت و بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، ئینجا وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بدرێته په‌رله‌مان و ئه‌ویش بیكا به یاسا، ئینجا ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بكرێت، كه‌واته لێره‌دا له موزایه‌ده‌ی سیاسیی زیاتر، وروژاندنی ئه‌م پرسه هیچی دیكه‌ی تێناخوێندرێته‌وه. هه‌ربۆیه به ڕه‌چاوگرتنی ئه‌م ڕه‌هه‌نده سیاسییه‌ی ئه‌م پرسه هه‌یه‌تی، ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا په‌سه‌ندی بكات، ئه‌وا له رووی وه‌رگرتنی ئه‌م پێشنیازانه‌وه له هه‌رێمی كوردستاندا بستێك بڕ ناكات، ته‌نانه‌ت له پارێزگای سلێمانیش بۆی ناچێته سه‌ر.''
سه‌باره‌ت به دابه‌شكردنی داهاتی ناوخۆیش، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی گوتی: ''كاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه بۆ سه‌رجه‌م پارێزگاكان بڕیاری له‌سه‌ر بدات، نه‌ك بۆ پارێزگایه‌ك ئه‌نجام بدرێت و بۆ ئه‌وانی دیكه ئه‌نجام نه‌درێت، ئه‌مه‌یش له یه‌ك حاڵه‌تدا ده‌كرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه، ئه‌گه‌ر بێت و پێچه‌وانه‌ی یاسای داهات و موازنه نه‌بێ، بۆیه بۆ ڕه‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیار لێ بدات، نه‌ك پارێزگایه‌ك و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ی كه گۆڕانه و بۆ موزایه‌ده‌ی سیاسی و له‌پێناو حزبه‌كه‌یدا بیكات.''
ڕابین شێروانی




