٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سێ منداڵیشی ڕفاندوون.. دەستەی مافی مرۆڤ: پەکەکە بۆی نییە هەروا لەخۆوە خەڵکی دەستگیر بکات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، جیا لەو سێ کەسەی کە پەکەکە دەستگیری کردوون، پێشتریش سێ منداڵی دیکەیان رفاندوون کە خانەوادەکەیان سکاڵایان لای ئەوان تۆمار کردووە. گوتیشی، پێویستە پەکەکە بەپێی یاساکانی ھەرێم مامەڵە لەگەڵ ھاووڵاتیاندا بکات.

(محەممەد گۆمەشینی) گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤى ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ماوەیەکە سێ خانەوادە لە رێگەی نووسینگەکانمانەوە سکاڵای یاساییان لەسەر پەکەکە تۆمار کردووە، کە منداڵەکانیان رفاندوون، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە گوندی زارگەڵیش سێ ھاووڵاتی دیکەیان رفاندووە."

دوێنێ (نازم که‌بیر هه‌رکی) جێگری سه‌رۆکی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاساییش له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە چه‌کدارانی په‌که‌که‌ سێ هاووڵاتی خەڵکی‌ گوندی زارگه‌لییان ده‌ستگیر کردووە و بردوویانن به‌ره‌و شوێنێکی نادیار؛ هەرسێکیشیان که‌سوکاری شه‌هیدانی ئه‌و گونده‌ن؛‌ جا لیژنه‌که‌مان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان وێڕای ئیدانه‌کردنی ئه‌و کاره‌ و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌ست ده‌که‌ین به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون تا بزانین ئه‌نجامی ڕفاندنیان به‌ره‌و کوێ بووه‌ و ڕاستییەکەی بزانین".

(گۆمەشینی) گوتیشی: "لەبەر ئەوەی پەکەکە حیزبێکی یاسایی و سیاسیی تۆمارکراو نییە لە ھەرێمی کوردستان و، بەشدار نیە لە حکوومەت و پەرلەمان، هەڵبەت جگە لەوەی لە ئاستی پەیوەندی و لە رێگەی پەرلەمانەوە دەتوانین پەکەکە ئاگادار بکەینەوە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو سێ ھاووڵاتییە، ناتوانین ئیجرائاتیان لەگەڵدا بکەین، لە راستیدا هێشتایش سکاڵاکان نەگەیشتوونەتە پەکەکە."

(گۆمەشینی) ڕووی دەمیشی لە ھەموو لایەنەکان کرد و جەختی کردەوە، "مومارەسەکردنی سیاسیەت کارێکی ئاسایی و یاساییە، بەڵام ناکرێت ھاووڵاتیی سڤیل تێکەڵی بە کێشەی سیاسی و لە شەڕەوە بگلێندرێ؛ بۆیە ئێمە دەزانین ئەو ناوچەیە سنورە و پێشتر لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان کراوە و خەڵک زیانی بەرکەوتووە، خۆ نایشکرێت ئەو خەڵکە ببنە قوربانیی کێشە و ململانێکان، بۆیە پێویستە ھەرچی زووە ئەو ھاووڵاتیانە لەلایەن پەکەکەوە ئازاد بکرێن."

گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤى ھەرێمی کوردستان دەیشڵێت، "پەکەکە کە سکاڵای لەسەر هەر ھاووڵاتیێک هەیە، پێویستە لە رێگەی دامودەزگاکانی حکوومەتەوە ڕێکاری یاسایی لە دژیان بگریتە بەر، ئاخر ناکرێت لە دەرەوەی یاسا، ھاووڵاتیان دەستگیر بکرێن، چونکە ھاووڵاتی ھەرێم، پێویستە بەپێی یاسای ھەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، نەک لە دەرەوەی یاساکانی ھەرێم."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار