٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سامانە سرووشتییەکان: لە مانگی ٩ـدا، زیاتر لە ١٨ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت ڕەوانە کراوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  حکوومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتی مانگانەی هەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی ئەیلوولی 2015 بڵاو کردەوە و، ڕایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا، بڕی 18,614,798  بەرمیل نەوتی خاو (واتە تێکڕا 600,463 بەرمیلی رۆژانە)ـی ڕەوانەی بەندەری جەیهان کردووە.

بەپێی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردووەتەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 18,614,798  بەرمیل نەوتی خاو (واتە تێکڕا 600,463 بەرمیلی رۆژانە)ـی لە مانگی ئەیلوولدا لە ڕێی تۆڕی بۆریی نەوتی کوردستانەوە بۆ بەندەری جیهان لە تورکیا، هەناردە کردووە.
لەم بڕە، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە 13,898,548  بەرمیل (واتە تێکڕا بە 448,340 بەرمیلی رۆژانە) بەشدارییان کردووە و، ئەو کێڵگانەیشی کە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوە دەبرێن، بە 4,715,794 بەرمیل (واتە تێکڕا بە 152,122 بەرمیلی رۆژانە) بەشدارییان کردووە.
بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندایە، لە مانگی ئەیلوولدا هێڵی بۆریی هەناردەکردن بۆ ماوی ٢ رۆژ لە کار کەوتووە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەنجامی کاری تێکدەرانە و دزیکردنەوە روویداوە.
لە ئەیلوولدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوو لە زیادکردنی فرۆشتنی راستەوخۆی خۆی لە بەندەری جیهان، بۆ قەرەبووکردنەوەی هەرێم بەرامبەر کەمیی دابینکردنی بودجە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە لە بەغدا.
هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانیدا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ هەموو کێشە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە نەوت و غازەوە و لەم بارەیەوە حکومەتی هەرێم دەرفەتێک دەبێنێت بۆ بەرەوپێشچوونێکی باش لە گفتوگۆکانی داهاتوودا لەسەر بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٦.  

هەواڵی پەیوەندیدار