٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حزبەكان رێككەوتوون بارزانی سەرۆكی هەرێم بێت.. هەر قسەیەکی دیکە لەوبارەیەوە دەبێ بۆ دوای ساڵی2017 بێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info-  (محەممەدی حاجی مەحموود) سكرتێرى حزبى سۆسیال‌دیموكراتى كوردستان ده‌ڵێت، هەموو حزبەكان لە سەر ئەوە رێككەوتوون كە تا ساڵی2017 (بارزانی) سەرۆكی هەرێم بێت؛ ده‌شڵێت، هیچ كێشەیەك نەماوە و ئەو قسانەی ئێستایش حزبەكان دەیكەن، ده‌بێت لە دوای ئەو بەروارەوە بیكەن.

(محەممەدی حاجی مەحموود) سكرتێرى حزبى سۆسیال‌دیموكراتى كوردستان، پێوه‌ست به‌ پێشنیازی چوار لایه‌نه‌كه‌ بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێم، راگه‌یاند: "ئەوان چوار حزبن، هەرچواریشیان دوو هەڵبژاردەیان هەیە، پێویستە بۆچوونێكی جێگیر بێت و لەسەر یەك هەڵبژاردە ڕێك بكەون و بیدەنە پارتیی دیموكراتی كوردستان، هەموو حزبەكانیش لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە تا ساڵی2017 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێم بێت، هەڵبەت هیچ كێشەیەك نەماوە، ئەو قسانەی ئێستایش حزبەكان دەیكەن، دەبێت لە ساڵی2017 بە دواوە بیكەن، بۆیە دووبارەی دەكەمەوە، لەوانەیە شەرم بكەن باسی بكەن و بڵێن ئێستا پێویستە (بارزانی) سەرۆكی هەرێم بێت."

پێوه‌ست به‌و لێدوانى (مه‌لا به‌ختیار) لێپرسراوى ده‌سته‌ى كارگێڕیى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستانیش كه‌ گوتى یه‌كێتى كاندیدى به‌هێزى بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌بێت، (محەممەدی حاجی مەحموود) ده‌ڵێت: "هیوادام كاندیدیان هەبێت."

لە بارەی ئەوەیش كە ئێستا خەڵك لە حزبەكان بێزار بووە و رەوشەكە بەرەو خراپی دەڕوات، چونکە خەڵكی چاوەڕێی حزبەكانن، (محەمەدی حاجی مەحموود) گوتی: "ئێمە چاوەڕێی ئەوان ناكەین و بۆچوونی خۆمان گوتووە، ئێستایش ئێمە پێمان وایە ئەو پێنج لایەنە لە بری ئەوەی كۆبوونەوە لە دوای كۆبوونەوە دەكەن و هیچ بڵاو ناكەنەوە، قسە بۆ خەڵك ناكەن، ئێمە پێمان وایە خەڵكی كوردستان موستەهەقی ئەوە نییە، ئەوان لە ژورێكا دانیشن و قسە بۆ خەڵك نەكەن، پێویستە ئەوان بیر لەوە بكەنەوە بە زووترین كات كێشەكان چارەسەر بكرێن، نەك بیر لەوە بكەنەوە كە هەندێك لە حزبەكان چۆن وڵات و پۆست دابەش دەكەن."

خەبات

هەواڵی پەیوەندیدار