٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نیودەوڵەتی كرد كۆمه‌كی ئاواره‌كانی هه‌رێم بكرێت"

سەرچاوە: KDP.info

نیویۆرك-KDP.info- لە میانی بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو نیویۆرکەدا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد کە هاوکارییەکی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن کە ئێستا دوچاری چەندین ڕووبەڕووبوونەوە بووەتەوە وەک شەڕی تیرۆریستانی داعش و داڵدەدانی نزیکەی دووملیۆن ئاوارە و پەنابەر.

کۆبوونەوەکە کە لەلایەن ئەمەریکا و ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی و کۆمیتە نێودەوڵەتییەکەی سوورەخاچ ڕێک خرابوو و فەلاح مستەفایش وه‌ك به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌شداری كردبوو و، گوتی ئێمە پشتگیری لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە لەگەڵمان کار دەکەن. پێویستی زۆرمان بە شوێنی نیشتەجێ و پێداویستییەکانی خۆراک و دەرمان پەروەردە و دڵنیایی هەیە بۆ ئاوارەو پەنابەران، ئەگینا ئەرکی حکوومەتی هەرێم لەوەی ئێستاش قورستر دەبێ. چونکە بەهۆی بارودۆخی نالەباری دارایی مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران ٣ مانگ دواکەوتووە.
گوتیشی کاتی ئەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە کردەنی یارمەتیەکانی بۆ ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی هەرێم زیاتر بکات ئەگینا گوزەرانی ژیانیان ئاڵۆزتر دەبێت. جەختی کردەوە هەر کەمتەرخەمییەک لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاوارەکان ناچار دەکات پەنا بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ببەن و گوشار لەسەر ئەوروپا دروست بکەن وەک ئەوەی ئێستا بە چاوی خۆمان دەیبینین.
خاتوو سارا سیواڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئاسایشی مەدەنی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ گوتی: ئاوارەکان کێشەیان زۆرە چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان وەک پێویست نەیتوانیوە بە گوێرەی پێویست پارەیە بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی کوردستان و عێراق دابین بکات. قەبارەی کێشەکە دەخوازێت کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوکارییەکی زیاتر پێشکەش بکەن بە تایبەت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ ئاوارە و پەنابەرێکی زۆریان لەخۆ گرتووە.

بەڕێزیان گوتی لەو بڕە پارە پێویستەی ئاوارە و پەنابەران تەنها ٣٩%ـی دابین کراوە. سەبارەت بە یارمەتیەکانی حکوومەتی ئەمەریکا گوتی ئەمەریکا ٥٦ ملێۆن دۆلاری تر بۆ یارمەتی مرۆیی بۆ تەواوی عێراق دابین دەکات. بەمەش بڕی تەواوی یارمەتیە مرۆییەکانی ئەمەریکا دەگاتە ٥٤٠ملیۆن دۆلار.
پاشان جاسم جاف وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سوپاسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی ئاوارەو پەنابەران بە هۆی ناسەقامگیری ئاسایش و هێرشی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا بەردەوامە.
جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق خاتوو لیسا گراندێ ستایشی ڕۆلی حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستانی کرد بۆ دەرگا کردنەوە بە ڕووی لێقەوماوان و یارمەتیدانی ئاوارەو پەنابەران. هەروا گوتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای خۆی کردەوە بۆ ئاوارەکان بە شێوەیەک کە ژمارەی دانیشتوانی بە ڕێژەی ٣٠% زیادی کرد و ئاستی هەژارییش ٥٠% زیادی کردووە.
هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوەی لە توانایان بوو کردیان، بەڵام ئیستا دووچاری قەیرانی دارایی هاتوون، بۆیە ئەرکی ئێمەیە وەک پێویست یارمەتی و کۆمەک پێشکەش بکەین.
ستیفن ئۆبراین یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و هاوکاری هەنووکەیی کە هاوکات بەڕێوەبەری دانیشتنەکەبوو گوتی دەمەوێ سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی هەموو ئەو وڵات و ناوچانە بکەین کە دەرگایان بە ڕووی ئاوارە و پەنابەراندا کردەوە بە تایبەت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکە نوێنەری ئیتاڵیا تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناهەموار و ئەو کارەساتەی بەسەر کچان و ژنانی ئێزدی داهات لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش. لەم بارەیەوە گوتی ئیتاڵیا هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەر بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێم و عێراق. ئەو تاوانانەی بەرامبەر کچان و ژنانی ئێزدی ئەنجامدرا دەچێتە خانی تاوان دژی مرۆڤایەتی.
هەروا نوێنەری بەریتانیا پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی گەلانی عێراق و هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە، گوتی بەریتانیا ٣٠ملیۆن دۆلاری تری تەرخان کرد بۆ ئاوارەو پەنابەران، بەمەش ڕێژەی یارمەتییەکانی حکوومەتی بەریتانیان لە پارساڵەوە تا ئەمڕۆ دەگاتە ١٢٠ملیۆن دۆلار.

زەینەب بەنگۆڕا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان لەناوچەی ململانێکان گوتی: "عێراق پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی سیاسی و یاسایی و ئەمنیی هەیە بۆ ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە، چونکە دەستدرێژی بۆ سەر ئافرەتان بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجام دەدرێ."
هەروا گوتی هەزاران ئافرەت ڕفێندران و وەک کۆیلە لە بازاڕەکان بازرگانیان پێوەکراو داوای سەرانەش لەکەس و کاریان کراوە. ئەو گوتی من چاوم بە نوێنەری ئێزدیان کەوت و گوتیان لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئازادکردنی ئەو ٣٠٠٠ کچ و ژن و هاووڵاتیە ئێزدیەی تیرۆریستانی داعش دەستگیری کردوونە.
هەر لە کۆبوونەوەکە بەرپرسی کۆمسیۆنی ئەورووپا بۆ هاوکاری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان جەختی کردەوە کە پێویستە یارمەتی دارایی بە پەلە بۆ هاوکاری کردنی ئاوارەو پەنابەران لە عێراق و کوردستان دابینبکرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا فەلاح مستەفا دیسان سوپاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو حکوومەت و ئاژانسانەی کرد کە یارمەتی ئاوارەکانیان داوەو گوتی هیوادارین ئەو بیرو بۆچوونانەی لەم کۆبوونەوەیە سەبارەت بە یارمەتی دارایی و کۆمەکی ئاوارەکان خرایە ڕوو پراکتیزە بکرێت و جێبەجێ بکرێت، چونکە بارودۆخی ئاوارەکان زۆر نالەبارەو مەترسی ئەوەی لێ دەکرێت بپەڕێتەوە دەرەوەی سنوورەکان.
جێگەی باسە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت بە مەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدارو کۆبوونەوەیەک و گەیاندنی پەیامی حکوومەت و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕەوشی ئاوارەکان و بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانەی دژ بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر ئەنجام درا.

هەواڵی پەیوەندیدار