به‌دواداچوون بۆ ده‌ستگیركردنی سێ هاووڵاتییه‌كه‌ی زارگه‌لی ده‌كرێ

هەولێر--KDP.info جێگری سه‌رۆکی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاساییش له په‌رله‌مانی کوردستان ڕایده‌گه‌یێنێت لیژنه‌که‌یان له په‌رله‌مانی کوردستان به‌دواداچوون بۆ ئه‌و سێ هاووڵاتییه ده‌که‌ن که له گوندی زارگه‌لی لە سنووری قه‌زای سۆران چه‌کدارانی په‌که‌که ده‌ستگیریان کردوونە.
(نازم که‌بیر هه‌رکی) جێگری سه‌رۆکی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاساییش له په‌رله‌مانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە چه‌کدارانی په‌که‌که سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی زارگه‌لییان ده‌ستگیر کردووە و بردوویانن به‌ره‌و شوێنێکی نادیار؛ هەرسێانەکەیشیان که‌سوکاری شه‌هیدانی ئه‌و گونده‌ن؛ جا لیژنه‌که‌مان له په‌رله‌مانی کوردستان وێڕای ئیدانه‌کردنی ئه‌و کاره و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ده‌ست ده‌که‌ین به لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون تا بزانین ئه‌نجامی ڕفاندنیان به‌ره‌و کوێ بووه و ڕاستییەکەی بزانین".
(هه‌رکی) گوتیشی: "داوا ده‌که‌ین و، ده‌یشبێت ئه‌و سێ هاووڵاتییه ده‌ستبه‌جێ ئازاد بکرێن، چۆن دەبێ خه‌ڵک و که‌سوکاری شه‌هیدان ده‌ستگیر بکرێن! به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێکیش ئاگادار بێت؛ ئه‌مە کردەوەیەکی باش نییە و له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵکیشدا نییه و دژی هه‌موو بنه‌ماکانی مافی مرۆڤه ".
نەشوان بەرزنجی




