حكوومه‌تی هه‌رێم و یونیسێف به‌رنامه‌ی هاوبەشیان له‌م بوارانه‌دا راگه‌یاند
__2015_10_04_h15m44s28__LB.jpg)
هه‌ولێر-KDP.info- د. دیندار زێباری جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه بۆ كاروباری ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕایگه‌یاند حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زۆرترین قورسایی ئاواره‌بوونی دانیشتووانی ناوه‌ڕاست عێراق و، په‌نابه‌ره سورییه‌كانی كه‌وتووەته ئه‌ستۆ؛ هه‌رچه‌نده ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به تایبه‌تی یونسێف لەگەڵ حکوومەتی هەرێمدا هه‌ماهه‌نگ و هاوكار‌ن بەڵام ژماره‌ی ئاواره‌كان ئەوەندە زۆره پێویستی به هه‌ماهه‌نگییەکی زیاتر هه‌یه.
دیندار زێباری له میانه‌ی وته‌یه‌كدا كه له كۆبوونه‌وه‌ی خستنه‌ڕووی ستراتیژییه‌تی كاری هاوبه‌شی نێوان حكوومه‌تی و یونسێف بۆ ساڵانی 2016-2019 پێشكه‌شی كرد ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی ئابووری و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش به‌رده‌وام بووه له یارمه‌تیدانی ئاواره و په‌نابه‌ران و پیاده‌كردنی به‌رنامه‌ی یوئێن بۆ په‌ره‌پێدان و توانیویه‌تی سه‌ركه‌وتوو بێت له‌م بواره‌دا.
جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه هه‌ماهه‌نگی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و یونسێفی به گرنگ زانی بۆ سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه‌كانی په‌ره‌پێدانی یوئێن و هاوكاریكردنی ئاواره‌كان و گوتی: "به هه‌ماهه‌نگی ده‌توانین خزمه‌تی زیاتر به ئاواره‌كان بكه‌ین، چونكه ئێستا عێراق 8.5ملیۆن ئاواره‌ی لێیە و، زۆربه‌یشیان قوتابین و پێویستیان به دابینكردنی كه‌ره‌سته‌كانی خوێندن و درێژه‌دان به پرۆسه‌ی خوێندن هه‌یه و له‌م باره‌یه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵه‌كانی خۆی خستووەته گه‌ڕ به دابینكردنی قوتابخانه له كه‌مپه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی ئاواره و په‌نابه‌ران لێی نیشته‌جێن له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان و دابینكردنی مامۆستا له ناو كه‌مپه‌كان و ئه‌گه‌ر پێویست بووبێت له ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كانیش مامۆستای دابین كردووه."
لە كه‌رتی ته‌ندروستیشدا حكوومه‌تی هه‌رێم له ڕێگای وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانەوە پێداویستییه ته‌ندروستییه‌كانی ئه‌م بواره‌ی دابین كردووه له دروستكردنی بنكه‌ی ته‌ندروستی و دابینكردنی كوتانی پێویست بۆ مندالێن و كردنه‌وه‌ی به‌شی نوێ له نه‌خۆشخانه‌كان ئه‌مه‌ش به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یونسێف و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان.
زێباری هیوای خواست كه ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه به‌رده‌وام بێت و ته‌نیا لایه‌نی مرۆڤایه‌تی نه‌گرێته‌وه به‌ڵكو بگشتێندرێت و، هه‌موو بوارێکی دیكه‌یش بگرێتەوە.
د. ویلیا‌م برۆكس به‌رپرسی ئاژانسی یونسێف له عێراق ستاییشی ڕۆڵی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد له هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان و له‌م باره‌یه‌وه گوتی: "بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرایه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئەو بارە قورسەی ئاواره‌كانی هه‌ڵگرتووه، چونكه 96%ـی په‌نابه‌ره‌كان به گشتی ئێستا له هه‌رێمی كوردستاندا گیرساونەتەوە."




