"ڕەوشی شارۆچكەی خورماتوو زۆر خراپە"

خورماتوو-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی دەڵێت، لە ئێستادا رەوشی شارۆچكەی خورماتوو زۆر خراپە، حەشدیشەعبی زۆر باڵادەستە تێیدا و بە شێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو كاری خۆیان دەكەن و، گوێ بە قسەی كەسیش نادەن. سەرچاوەیەكیش ڕوونی دەكاتەوە، ئەم دۆخە خراپەی خورماتوو بە تەنیا حەشدیشەعبی لێی بەرپرس نییە.
(ئەحمەد عەزیز) بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا رەوشی شارۆچكەی خورماتوو زۆر خراپە، حەشدی شەعبی زۆر باڵادەستە تێیدا و بە شێوەیەكی بەرنامەبۆداڕێژراو كاری خۆیان دەكەن و گوێ بە قسەی كەسیش نادەن، كاتێ لەگەڵ كوردیشدا كۆ دەبنەوە، كورد چەندە بە گرینگییەوە باس لە بارودۆخ و ئەمنییەتی شارەكە دەكات، ئەوان سێ بەرانبەر بە گرینگییەوە باس لە رەوشی ئەمنی شاری خورماتوو دەكەن، بەڵام لە راستیدا ئەوان پاشەكشە لە كار و بەرنامەی دیاریكراوی خۆیان ناكەن كە بریتییە لە دوورخستنەوە و لەناوبردنی عەرەب و توركمانی سوننە لە ناوچەكەدا، لێ تاكو ئێستایش بە شێوەیەكی بەرچاو نەیانتوانیوە دەستدرێژی بكەنە سەر خەڵكە كوردەكە".
بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاماژەیشی دا: "شاری خورماتوو شارێكی پەراوێزخراوە لە ڕووی ئیداری و ئەمنی و سەرجەم ڕووەكانی دیكەوە و، دەتوانین بڵێن لە ئێستادا خورماتوو زۆنێكی داخراوە لە نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقدا".
هاوكات سەرچاوەیەك كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "ئەم دۆخە ئەمنییە خراپەی شاری خورماتوو تێی كەتووە، هەر بە تەنیا حەشدیشەعبی لێی بەرپرسیار نین، چونکە هەن لەوێ باڵادەستن و كەمتەرخەمیشن لە ئاست كار و كردەوەی ئەم حەشدیشەعبیانەی خورماتوو و، سنوورێكیان بۆ ئەم دەستدرێژیانەی حەشدیشەعبی دانەناوە".
سارچاوەكە گوتیشی: "زۆربەی ئەم كوشتن و رفاندنانەی شارەكە لە گەڕەكی (حەی عەسكەری)ـیە، چونكە ناوچەكە زیاتر عەرەب و توركمانی سوننەی تێدا دەژیێن. ئەم كوشتن و رفاندنانەی شارۆچكەكەیش لەلایەن گرووپە كوردییەكان و حەشدیشەعبییەوە ئەنجام دەدرێت".
سەرباز واحد




