فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندی ئێندزێیان بۆردوومان كرد

سۆران-KDP.info- ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا گوندی ئێندزێیان بۆردوومان كرد و تا ئێستایش زیانەكان نەزانراون. لە لایەكی دیكەیشەوە لیژنەیەك بۆ زانینی زەرەر و زیانەكانی هاووڵاتیانی گوندی زارگەڵی پێك هێنراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا هاووڵاتیانی گوندەكە قەرەبوو دەكرێنەوە.
(سامان محەممەد) بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ بە وەكالەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كەمێك پێش ئێستا دەوروبەری گوندی ئێندزێ كە دەكەوێتە سنووری سەنگەسەر، لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردوومان كرا، بەڵام تا ئێستا زەرەر و زیانەكان نەزانراون".
گوتیشی: "دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا گوندی زارگەڵی لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوەبۆردوومان كرا، كە بەو هۆیەوە زیانی گیانی و ماددیی لێ كەوتەوە و خەڵكی گوندەكە ئاوارە بوون، هەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ گوندەكە دابین كراون، لەگەڵ ئەوەی لیژنەیەك لە پارێزگای هەولێر بۆ زانینی زەرەر و زیانەكان پێك هێنراوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا هاووڵاتیان قەرەبوو دەكرێنەوە، هەروەها پێشتریش لەلایەن حكوومەتی هەرێم و دەزگا خێرخوازییەكانەوە زۆر شت بۆ خەڵكی ناوچەكە كراوە، لەگەڵ ئەوەی لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە بۆ خانەوادەی هەر شەهیدێك بڕێك پارە دابین كرا".
ڕابین شێروانی




