٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ده‌بێ لایه‌نه‌كان یه‌كلای بكه‌نه‌وه‌؛ چونكه‌ پارتی 15%ی به‌رپرساره‌تی به‌رده‌كه‌وێ

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ده‌ڵێت، پێویستە جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی زیاتر بێ دەنگ نەبن و، ڕوونکردنەوە لەبارەی قەیرانەکانه‌وه‌ بدەن، تا بزانرێ داخۆ تەنیا پارتی لێی بەرپرسیارە یاخود لایەنەکانی دیکەش، چونکە پارتی لە حکوومەت تەنھا 15%ی بەردەکەوێت و70%ی بەرپرسیارەتی بەر لایەنەکانی دیکە دەکەوێت.

(دڵشاد شەعبان) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕوونی كرده‌وه‌: ''ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران 21کەسن، شەشیان پارتین و 15کەی دیکە لایەنەکانی دیکەن، بەڵام وا پێشانی خەڵکی دەدەن کە ئەو کێشانەی ھەن ھەموو ھیی پارتین، ئاخر ئەو حکوومەتە 15%ی پارتییە و70%ی به‌ر لایەنەکانی دیکە كه‌وتووه؛ باشه‌ بۆ ئەگەر مووچە نەبێت و پڕۆژە نەبێت و داعش ھێرش بکات، تەنیا پارتی بەرپرسیارە و ھەرکارێکی خراپ بێت پارتی لێی بەرپرسیارە و لە کارە باشەکانیش ھەمووان شەریکن.''

(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، ڕاسته‌ كه‌ پێشتر گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو ئۆپۆزسیۆن بوون و ھەرچی تۆمەت ھەبوو بۆ پارتی و یەکێتییان هه‌ڵده‌به‌ست، ''بەڵام عەیبی گەورە ئەوەیە کە، ئێستا ھەر چوار لایەن لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێم بوونەتە یەک و، پەنجەی تۆمەتیشیان بۆ پارتی درێژ دەکەن، باشه‌ 23ساڵە پارتی و یەکێتی حوکمڕانی ئەو وڵاتەن، بۆ ئێستا یەکێتی شەریک نییە و پێشتر رەخنە لە ھەردووکیان دەگیرا، كه‌چی ئێستا ته‌نیا  ده‌بێ پارتی به‌رپرسیار بێ و یەکێتییش وەکو فریشتە دەربخرێت؟''

ئه‌و وەک ئەندامێکی فراکسیۆنی زەرد په‌یامی بۆ پارتی و سەرۆکی حکوومەت ھەیە و ده‌ڵێ، ''با جێگری سەرۆکی حکوومەت لێدوانێک بدات و قەیرانەکان ھەمووی ڕوون بکاتەوە، مه‌به‌ستمه‌ با خەڵک بزانێت كه‌ ئەوان شەریک نین لەو حکوومەتە، یاخود بەشدارن لە ھەموو قەیرانێکی ئەو ھەرێمە.''

(شەعبان) زیاتر ڕوونی كرده‌وه‌، ''لایەنەکانی دیکە خۆیان بێدەنگ کردووە و ھەر باشەیەک ھەبێت ئەوان بەشدارن و خراپییەکانیش بۆ پارتییە، بۆیە پێویستە جێگری سەرۆکی حکوومەت بێت قسە بکات و راستییەکان ڕوون بکاتەوە ئایە تەنھا پارتی لەو قەیرانانە بەرپرسیارە یاخود ھەموو لایەنەکان، بۆیە ئێمە وەکو پارتی لەوبەشەی بەرمان دەکەوێت بەرپرسیارەتی لەئەستۆ دەگرین و، پێویستە لایەنەکانی دیکەش70% بەرپرسیارەتییان ھەڵبگرن.''

ئاماژه‌یشی دا، '' هه‌ڵبه‌ت ئەگەر ئەوان باس لەوە دەکەن پارتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان سزا دەدات و مووچە نادات، با جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی بێن و ئەوە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە، ئەگینا با خۆڵ لە چاوی خەڵک نەکەن و تۆمەت بۆ پارتیی دروست نەکەن.''

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی راشیگەیاند، ''ئەو قەیرانە نەک تەنھا ھەرێم بەڵکو رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتووه‌تەوە و لە سه‌رووی تواناكانی ئێمەوه‌یە، بۆیە با بێن ڕوونکردنەوە بدەن و بڵێن پارتیی بەرپرسیارە، ئەو کات بەڵێن بێت دەستلەکار بکێشمەوە.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار