" لابردنی مافە داراییەكانی هەرێم دژی دەستوورە و، هەڵوەشاندنەوەی دەستوور دەردەخات"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی دەڵێ، تا ئیستا نازانین بڕیاری حكوومەتی عێراق لەبارەی بوودجە و داهاتی هەرێمەوە چییە، مافە داراییەكانی هەرێم دەستوورین و لابردنی مافەكانی هەرێم دژی دەستوورە و هەڵوەشاندنەوەی دەستوور دەردەخات .
حاكم (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تاكو ئێستا پرۆژەیاسای بوودجەی 2016ی عێراق نەگەیشتووەتە دەست لیژنەی دارایی و ئەنجومەنی نوێنەران، كە گەیشت خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكەین و، پاشان ڕەوانەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت. بەڵام تاكو ئێستا نەگەیشتووە تاكو بزانین بڕیاری حكوومەتی عێراق لەبارەی بوودجە و داهاتی هەرێمەوە چییە، ئاخۆ مافە داراییەكانی هەرێم دەبڕن یان نا! بەڵام من كۆپییەكی پرۆژەیاسای بوودجەی 2016ـم بینیوە، مافە داراییەكانی هەرێم هیچ دەستكارییەک نەكرابوو."
گوتیشی (سلێڤانەیی) "تاكو ئیستا بابەتەی بڕینی مافە داراییەكانی هەرێم تەنیا قسەیە كە لەلایەن هەندیك لە ئەندامانی لیستی (دەوڵەتی یاسا) لە ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆكایەتیی حكوومەتی عێراق دەكریت و، زۆر هەوڵ دەدەن نێوانی هەرێم و بەغدا خراپ تر بكەن و، مافە داراییەكانی هەرێم ببڕن، كە سەرجەمیان دارودەستەی (نووری مالكی)ـیەکەن و، سیاسەتەكانی ئەو دەگرنە بەر.
لە هەر هەنگاوێكی نەرێنیی بەغدا ئەوا پێویستە ئێمەی پەرلەمانتار و حكوومەتی هەرێم هەڵویستی زۆر توند وەربگرین چونكە مافە داراییەكانی هەرێم دەستوورینە و، لابردنی مافەكانی هەرێم دژی دەستوورە و، هەڵوەشاندنەوەی دەستوور دەردەخات و، زۆر مەترسی دارە، چونكە دەوڵەتی عێراق نامێنێت و دەبێتە دەوڵەتی میلیشا و دارودەستە."
سەرباز واحید




