عێراق، 500 كهس دووچاری كۆلێرا بوون.. لە هەرێم تۆمار نەكراوە

ههولێر-KDP.info- ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، لە هەرێمی كوردستان هەموو رێوشوێنێكی تووند گیراوەتەبەر، بۆئەوەی بە تەواوی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆلێرا بگرن و، سەرنجێكی زۆریشیان خستووهتە سەر كەمپەكان.
نەخۆشیی كۆلێرا تادێت لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە تەشەنەكردندایە و بەگوێرەی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تا ئێستا زیاتر لە (500) هاووڵاتی لە عێراقدا توشی نەخۆشیی كۆلێرا بوون.
پێوەست بە مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی كوردستان (ئاواز حەمید ئەفەندی) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە بە وردی ئاگادار نین كە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە چی كراوە بۆ رووبەربوونەوەی نەخۆشیی كۆلێرا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هەموو رێوشوێنێكی تووند گیراوەتەبەر بۆئەوەی بە تەواوی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بكەین."
(ئەفەندی) گوتیشی "هەموو ساڵێك هەڵمەتی دژ بە بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە هەرێم دەكرێت، بهڵام ئەمساڵ هەر زوو هەڵمەتی دژ به نۆخۆشییهكه بهرپا كرا و، بهراورد به پار، رێوشوێنەكان زۆر توندتر كراون. لە هەندێك نەخۆشخانەی شارەكانی هەرێمی كوردستانیش بەشێك یان نهۆمێك دابین كراوە بۆ هەر حاڵەتێكی نەخۆشیی كۆلێرا بە سەرجەم پێداویستییەكانەوه. بەڵام هێشتا هیچ حاڵەتێكی نەخۆشیی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە.''
ئاماژەیشیدا كە "هۆكاری هەرە سەرەكی كە مەترسی بێت لە بڵاوبوونەوەی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان، هاتنی رێژەیەكی زۆر و بەردەوامی ئاوارەكانی ناوچەكانی عێراقه، بەهۆی مەترسیی كۆلێرایشهوه سەرنجێكی زۆرمان خستووهتە سەر كەمپەكان، چونكە زیاتر مەترسیی بڵاوبوونەوەیان لەسەرە."
سەرباز واحد




