ترسنۆکه‌کان هاوڕه‌گ و هاوکردارن.. ئازاکان هاوڕه‌گ و هاوئاینده‌ن

ئازا حه‌سیب قه‌ره‌داخی
داعش وه‌کوو هه‌موو رێکخراوه‌کانی هاوچه‌شنی، ترسنۆکترین به‌شه‌ره‌کانی تێدا کۆبوونه‌ته‌وه. ئه‌و سام و ترسه‌ی هه‌یانه، له ئه‌نجامی ئازایه‌تی و دلێرییه‌وه نییه؛ له شه‌ڕی رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا دروستیان نه‌کردووه، به‌ڵکو له ده‌ستدرێژیی بۆ سه‌ر کچان و ژنانی به کۆیله‌گرتوو، له سه‌ربڕین و سووتاندنی دیلی بێ ده‌سه‌ڵات و ده‌ستوپێ شه‌ته‌کدراو و، قه‌تڵوعامکردنی خه‌ڵکی سڤیلی بێ چه‌ک و بێ چاره دروستیان کردووه.
داعش وه‌کو پاڵه‌وانانی وه‌حشییه‌ت، وه‌کو حزبی به‌عس، که به ئه‌نفالکردنی گوندنشینان، وه‌کو ئه‌نسارولئیسلام و جوندولئیسلام و قاعیده و بۆکۆ حه‌رام و هاوچه‌شنه‌کانیان، به کرده‌وه‌ی ترسنۆکانه و خۆ زاڵکردن به‌سه‌ر که‌سانی بێ چاره‌دا، ئوستوره بۆ خۆیان دروست ده‌که‌ن و خۆف ده‌خه‌نه دڵی عه‌وامه‌وه.
ته‌نیا چه‌ند رۆژێک پاشی پێشڕه‌وییه کتوپڕه‌کانی پاریان، ئیتر رۆژانه پێشمه‌رگه پاشه‌کشه به ده‌واعشه‌کان ده‌کات و له جه‌له‌ولاوه بۆ شنگال و تا کۆبانێ، تێکیانده‌شکێنێ. چه‌ند رۆژێ له‌مه‌وبه‌ریش له رۆژئاوای که‌رکووک گورزێکی جه‌رگبڕیان لێدان. به ده‌یانیان لێ کوشتن. چه‌ندین گوند و ناوچه‌ی ستراتیژییان لێ ستاندنه‌وه. ئه‌و ترسنۆکانه چیان کرد؟!
به هه‌ڵه‌داوان له مه‌یدانی شه‌ڕ هه‌ڵهاتن و بۆمبی چێنراو و تی ئێن تی و لاشه‌ی کوژراوه بۆمبڕێژه‌کانیان جێهێشت. به په‌له و هه‌ڵه‌داوان هه‌ڵهاتن بۆ ئه‌وه‌ی پێ ڕا بگه‌ن سه‌ری پێشمه‌رگه دیل و قۆڵبه‌ستراوه بێ چاره‌کان ببڕن و، وێنه قێزه‌ونه‌کانی ئه‌و وه‌حشییه‌ته بگرن و بڵاوی بکه‌نه‌وه. ئه‌وان له مه‌یدانی شه‌ڕ له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌تی پێشمه‌رگه خۆڕاناگرن و هه‌ڵدێن. که‌چی به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ی دیلدا خۆ ده‌که‌نه پاڵه‌وان و چه‌قۆ به گه‌ردنیاندا دێنن.
چه‌ند نابووت و ترسنۆکن. چه‌ند وه‌حشی و جاهیلن. چه‌ند له به‌عس ده‌چن. چه‌ند له‌وانه ده‌چن که له شه‌قامه‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی تێزابیان ده‌کرد به قاچی کچاندا و هۆیهایان له ئافره‌تان ده‌کرد. چه‌ند له‌وانه ده‌که‌ن که هه‌موو ئازایه‌تییه‌که‌یان له هه‌ڵته‌کاندن و خاپوورکردنی مه‌زاری پیاوچاکان و شێخانی ته‌ریقه‌ت و گۆڕی ناوداران له ته‌وێڵه و بیاره نیشان ده‌دا. چه‌ند له‌وانه ده‌چن که ته‌رمی شه‌هیده‌کانی گوندی خێڵی حه‌مه‌یان شێواند و له‌توپه‌ت کرد. خودایه وه‌حشییه‌کان زۆر له‌یه‌ک ده‌چن. خودایه ترسنۆکه‌کان کوڕی یه‌ک باوکی نه‌خۆش و ده‌رچووی هه‌مان قوتابخانه‌ی ژه‌هربه‌خش و تاریکویست و پڕگرێوگۆڵه‌ی ده‌روونی و مێژوویین.
خودایه ئه‌وان چه‌ند ترسنۆکن، ئازادیخوازان سه‌د ئه‌وه‌نده ئازان. ئه‌وان چه‌ند نامه‌رد، پێشمه‌رگه سه‌د ئه‌وه‌نده مه‌رد و دلێره. ئه‌وان چه‌ند نه‌خۆش و گومڕا و مه‌رگدۆستن، ئێمه هه‌زاران ئه‌وه‌نده ژیاندۆست و مرۆڤدۆستین. ئه‌وان و هاوچه‌شنه‌کانیان جا له هه‌ر به‌رگ و پۆشاکێکدا بن، چه‌ند سه‌رشۆڕ و ئاینده ونن، پێشمه‌رگه‌کانمان هه‌زار ئه‌وه‌نده سه‌ربه‌رز و شکۆمه‌ندن. ئه‌وان هاوڕه‌گ و هاوسه‌رچاوه‌ن، ئێمه هه‌زار ئه‌وه‌نده هاوڕه‌گ و هاوچاره‌نووسین. ئه‌وان چه‌ند نزیکن له لێواری غلۆربوونه‌وه، ئێمه و هه‌موو ئازادیخوازان، هه‌موو مرۆڤایه‌تی سه‌دئه‌وه‌نده به‌ره‌و لووتکه‌ی گه‌شانه‌وه هه‌ڵده‌کشێین.




