پلاندانهری ههرسێ تهقینهوهكانی ههولێر بووه.. ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان، کوشتنی گەورەتیرۆریست فەلاح کوردی پشتڕاست كردهوه

ههولێر-KDP.info- ئهنجوومهنی ئاساییشی ههرێمی كوردستان پشتڕاستی كردهوه كه، گهورهتیرۆریست (فهلاح كوردی) كوژراوه؛ ئهم تیرۆریسته پلاندانەری هەر سێ تەقینەوەکانی شاری هەولێر لە رێکەوتەکانی (24/8/2014 و 19/11/2014 و 17/4/2015) بووە.
ئەمرۆ کاتژمێر 12:28 خولەکی نیوەرۆ رێکەوتی 1/10/2015 گەورەتیرۆریست (ئاراس سەعید فەرەج مەجید بەرزنجی) ناسراو بە هەردوو نازناوی ( سەعد و فەلاح کوردی) لە کردەوەیەکی تایبەتی هەواڵگری بە هاوکاری هێزی هاوپەیمانان لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە نزیک حەوێجە کرایە ئامانج.
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەم تیرۆریستە لە هێرشەکەدا کوژرا. ئەم گەورەتیرۆریستە بەرپرسی راگەیاندنی ویلایەتی کەرکووکی تیرۆریستان بوو، هەروەها ناوبراو پلاندانەری هەر سێ تەقینەوەکانی شاری هەولێر لە رێکەوتەکانی (24/8/2014 و 19/11/2014 و 17/4/2015) بووە، وێرای ئەوەش سەرپەرشتیی چەندین کرداری تیرۆریستی لە ناو شاری کەرکووک کردووە.




