100 هەزار فۆڕمی دامەزراندن پڕ كراونەتەوە.. 535 كەس دادەمەزرێن

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی كۆمسیۆن دوو رۆژی دیكەی بۆ پێشكەشكردنی داواكاریی دامەزراندن درێژ كردەوە، ئەمڕۆ ئەو وادەیە بە كۆتا هات و، گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمسیارانیش لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، زیاتر لە 100 هەزار كەس فۆڕمی دامەزراندنیان پڕ كردووەتەوە و كاتیان بۆ یەكلاكردنەوەیان پێویستە.
(شێروان زرار نەبی) گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەروەك بڕیارمان دابوو لە ئەنجوومەنی باڵای كۆمسیاران سەعات 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە كۆتا وادەی پێشكەشكردنی داواكاریی دامەزراندن بێت و پابەندین بە بڕیاری خۆمان و كاتەكە كۆتایی هاتووە، تاوەكو ئێستایش زیاتر لە 100 هەزار كەس داواكاریی دامەزراندنی پێشكەش كردووە".
(نەبی) گوتیشی: "لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوودا قسە لەسەر یەكلاكردنەوەی فۆڕمەكەكان دەكەین و لیژنەیەكیش بۆ یەكلایكردنەوەی فۆڕمەكان پێك هاتووە، ناشتوانین هیچ وادەیەك دیاری بكەین، ئەوە كاری لیژنەكەیە و پێمان وایە زیاتر لە 100 هەزار فۆڕم، كاتێكی باشیان پیوێستە".
گوتەبێژی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە هەرێمی كوردستان دەشڵێت، مەرج نییە هەموو ئەوانەی وەردەگیرێن بڕوانامەیان هەبێت، چونكە هەندێك بەش وەكو كارگوزار یاخود پێشوازی، ئەوانە ئەگەر بڕوانامەیشیان سەرەتایی بێت یان بڕوانامەیان نەبێت، وەردەگیرێن، چونكە زۆر كەس هەیە دەتوانێت ئەو كارە بكات.
جێی ئاماژەیە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 535 كەس هەیە لە پسپۆڕیی جیاجیا بۆ دامەزران لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە).
نەشوان بەرزنجی




