٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هه‌ولێر و له‌نده‌ن داكۆكى له‌ په‌یوه‌ندیى نێوانیان ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ (دیسمۆند سواین) وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێم بكات، پێشوازیشی لەو هەماهەنگییەی حكوومەتی بەریتانیا كرد كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەتی و خوازیاری ئەوە بوو پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكاندا بەهێزتر بكرێن.


لە دیدارێكدا كە ئه‌م ئێواره‌ی چوارشه‌ممه‌یه‌ ساز درا و، هەریەكە لە جێگری سەرۆكوەزیران، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و مەترانی كلدانییەكان ئامادەی بوون، (سواین) كه‌ به‌ یاوه‌ریی شاندێك هاتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی حكوومەتی وڵاتەكەی بۆ خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەربڕی بەرامبەر بە پێشوازیكردن و حەواندنەوە و پێشكەشكردنی هاوكاری و خزمەتگوزاری بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كە لە هەرێمی كوردستانن، لە كاتێكدا خۆى ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و هێرشی تیرۆرستان بووه‌تەوە. هەروەها باسی لە هەوڵەكانی حكوومەتی بەریتانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بۆ هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران بەتایبەتی لە ڕووی تەندروستی و پەروەردەوە، بەهێزكردنی زیاترى پەیوەندییەكانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستانیشی دووپات كردەوە.

لای خۆی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سوپاسی ئەو سەردانه‌ى شاندی بەریتانی و هاوكارییەكانی حكوومەتی بەریتانیای لە ڕابردوو و ئێستادا بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەو ئاستەنگانە كرد كە حكوومەتی هەرێم بەهۆی بڕینی بودجە و مووچه‌ لەلایەن بەغداوە دووچاری بووەتەوە، بەڵام وێڕاى ئەمەش خەڵك و حكوومەتی هەرێم بە باشترین شێوە هاوكاری و خزمەتگوزارییان پێشكەش بەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران كردووە كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان له‌ هەرێمی كوردستان كردووه‌.


ده‌رباره‌ى هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش، (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی كردەوە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی دڕندەترین هێزی تاریكی لە جیهان بووەتەوە و، هێزی پێشمەرگە توانیویەتی تیرۆرستان بوەستێنێت و ئەو دەڤەرانە ڕزگار بكات كە پێشتر كۆنترۆڵی كردبوون و، پێشمه‌رگه‌ لە سەركەوتنەكانی بەردەوامە. جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێم بكات، پێشوازیشی لەو هەماهەنگییەی حكوومەتی بەریتانیا كرد كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەتی و خوازیاری ئەوە بوو پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەكاندا بەهێزتر بكرێن.

تاوتووكردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە لایەك و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا لە لایەكی دیكه‌وه‌، بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا، بەشێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار