٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەعبان وه‌ڵامی سەرۆکی پەرلەمان ده‌داته‌وه‌.. باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ واز بێنی، چونكه‌ په‌رله‌مانت ئیفلیج كردووه‌

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  پەرلەمانتاری فراکسیۆنی زەرد (دڵشاد شەعبان)، رەخنەی توند لە سەرۆکی پەرلەمان دەگرێت بەوەی كه‌ لە رێگەی میدیاوە رەخنە لە حکوومەت دەگرێت و، دەشڵێت، ئەوەی سەیرە ئەوەیە هێشتا سەرۆکی پەرلەمان نازانێت حکوومەت چەند قەرزدارە و لە خۆیەوە ژمارەیەک فڕێ دەدات.

 

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، "پێم سەیرە سەرۆکی دەزگایەکی گەورە، کە متمانەی بە حکوومەتێک داوە، ئێستا وا بە لاوازی لە رێگای میدیاوە باس لەوە دەکات کە، پێویستە ئەو حکوومەته‌ ددان بەوە دابنێت کە ناتوانێت کێشەی مووچە چارەسەر بکات و، 20ملیار دۆلاریش قەرزدارە، هه‌ڵبه‌ت پێویستە سەرۆکی پەرلەمان بە فەرمی لە ھۆڵی پەرلەمان ئەو قەسەیه‌ی ئاراستەی حکوومەت بکات نەک لە رێگەی میدیاوە و، ئەوەی سەیریشە ئەوەیە، سەرۆکی پەرلەمان نازانێت حکوومەت چەند قەرزدارە و ھەر لە خۆیەوە ژمارەیەک فڕێ دەدات کە راست نییە.''

(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، ''سەرۆکی پەرلەمان کە نەتوانێ وەزیرێک بانگھێشتی پەرلەمان بکات و، توانای ھەموارکردنەوە و دەرکردنی یاسایەکی نەبێت و، لەژێر سیاسەتە خراپەکەیدا، پەرلەمانی بەسەر دووبەرە دابەش کردبێت، ئەمە مانای ئەوەیە کە پێویستە پێش ھەموو کەسێک جەنابت ددان بەوەدا بنێیت کە پەرلەمانت ئیفلیج کردووە و، گرینگترین کورسیی ئەم ھەرێمەیشت داگیر کردووە، بەبێ ئەوەی ھیچ سوودێک بە ھاووڵاتیان بگەیێنی.''

(شەعبان) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ''پێشتریش گوتوومە و ئێستایش دەیڵێمەوە، ئێوە پیاوی دەوڵەت نین، چونکە لە ڕووی مەنتقی هێزه‌وه‌ ھیچتان پێ نییە و، لە ڕووی فکر و ئەکادیمیایشەوە یەک زەڕە گۆڕانکاریتان پێنەکراوە و ناشتوانن بیکەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە واز بێنن، بۆئەوەی خەڵکێکی دیکەی بە توانست، ئەم شوێنەی ئێوە بگرێتەوە و ئارام بێت.''

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌، ''شەرم دەکەم ئەندامی پەرلەمانێک بم کە تۆ سەرۆکی بی و ئیفلیج کراوە، زۆر لە ئەندامانیش نایانەوێت سڵاوت لێ بکەن، بەڵام حەسودی بە حکوومەتێک دەبه‌م کە ئەندامەکانی لە رۆژی لەدایکبوونی سەرۆکەکەی، دیاری و کێکی بۆ دەبه‌ن.''

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار