٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چەند داواکارییەک بۆ پێشمەرگە بەرز دەکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان چەند داواکارییەکی تایبەت بە پێشمەرگە بۆ سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە و ده‌ڵێت، هەموو پێشمەرگەیەک كه‌ لە سەنگەرەکانی بەرگری کردن بوونی هەبێ پارچەیەک زەوی پێ بدرێت و بۆ ماوەی یەک ساڵ وەرگرتنەوەی سلفەی عەقار و زەواج و کشتوکاڵیش بۆ دوابخرێت و هەموو ئەو بریندارانەی لە شەری داعش بەشێکی جەستەیان لە دەست داوە دوو پلەیان بۆ بەرز بکرێتەوە.
 
(د. فرسەت سۆفی) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نامەیەکی کراوەدا، کە ئاراستەی سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەى کردووە، پێنج داواکاری تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگە دەخاتە روو و داوا دەکات، هەموو پێشمەرگەیەک کە بە فعلی دەوام دەکات و لە سەنگەرەکانی بەرگری کردن بوونی هەیە لە سنوری ئەو قەزایەی لێی دادەنیشێت پارچەیەک زەوی پێ بدرێت.
 
(سۆفى) زیاتر دەڵێ، "بۆ ماوەی یەک ساڵ وەرگرتنەوەی سلفەی عەقار و زەواج و کشتوکاڵی بۆ پێشمەرگە دوابخرێت. پێشتریش ئەم پێشنیازەم لە گەڵ سەرۆکی حکوومەت باس کردو جەنابیان رەزامەندی خۆی پیشان دا، بەڵام تا ئێستا بریارەکە دەرنەچووە".
 
ئه‌و ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان داواش دەکات، "هەموو ئەو بریندارانەی لە شەری داعش بەشێکی جەستەیان لە دەست داوە دوو پلەیان بۆ بەرز بکرێتەوە ئینجا بکرێنە پێشمەرگەی پەککەوتوو. هەروەک ئەو پێشمەرگانەی سەر بەیەکەی پاسەوانین و بە فعلیش دەوام دەکەن و بەشێکیشیان دەچنە بەرەکانی جەنگ لە مەودوا لەگەڵ پێشمەرگەکانی دی موچەیان پێبدرێت. لە کاتی ئێستا ئەوان وێرای ئەوەی دەوامی خۆیان دەکەن، بەڵام باجی ئەو کەسانە دەدەن کە بندیوارن لە یەکەی پاسەوانی و زۆر موچەکەیان دوادەکەوێت".
 
لەدوا داواکاریشدا دەڵێ، "ئەو پێشمەرگانەی پلەیان بۆ بەرز کراوەتەوە جیاوازی موچەکەیان بۆ خەرج نەکراوە، کەچی بۆ ئەفسەرەکان ئەمە کراوە، ئەمەش وای کردوە پێشمەرگە زۆر هەست بە نادادی بکات".
 

هەواڵی پەیوەندیدار