کەسایەتیێکی دژ به ئه‌سه‌د له زیندانی په‌یه‌ده‌دا مرد.. بەرگریی زۆری لە کورد کردووە

رۆژئاوای کوردستان-KDP.info- كه‌سایه‌تیێكی عارەب کە له بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و به‌رهه‌ڵستكاری رژێمی (ئەسەد)ه، له زیندانی ئاسایشی پارتیی یه‌كێتیی دیمۆكرات(پەیەدە) دا گیانی له‌ده‌ست دا. كه‌سایه‌تیی سیاسیی ڕۆژاوای كوردستان(سه‌ڵاح به‌دره‌ددین)یش ده‌ڵێ، ''کوشتنی ئەو کەسە کاریگەریی خراپی بەسەر پەیوەندی نێوان کورد و عارەبه‌وه دەبێت و دوژمنی کورد ئەمە وەکو بەڵگە ده‌قۆزنه‌وه.''
کەسایەتیی سیاسیی ڕۆژاوای كوردستان (سەڵاح بەدرەددین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''بنەماڵەی (محەممەد ئەیمەن حمێدی) بڵاویان کردووه‌تەوە کە کوڕه‌کەیان لەلایەن پەیەدەوه کوژراوە، هه‌ڵبه‌ت ئەو بنەماڵەیە دژایەتیێکی زۆری رژێمی سووریایان کردووە و خەباتی زۆریان ھەبووە، هه‌روه‌ها بەرگریی زۆریان لە کورد کردووە، بۆیە ئەمە کاریگەریی خراپی بۆ کورد دەبێت، چونکە ھەندێک لایەن ئەمە بۆ خۆیان وەکو بەڵگە و دەستکەوت بەرامبەر بە کورد بە کار دەھێنن.''
له‌سه‌ر زاری كه‌سوكاری ئه‌و كه‌سایه‌تییه به‌رهه‌ڵستكاره دیاره‌ی سووریاوه بڵاو كراوه‌ته‌وه كه، (محەممەد ئەیمەن حمێدی)ی 45 ساڵ، هه‌رگیز بیری بۆ ئه‌وه نه‌چووه كه كۆتایی ژیانی له زیندانی یه‌كیبه‌كانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه)دا ده‌بێ؛ چونكه چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه ئه‌و خانه‌واده‌یه به‌رهه‌ڵستیی ڕژێمێكیان كردووه كه هه‌رگیز به‌زه‌یی پێیاندا نه‌هاتووه‌ته‌وه، براكه‌ی(فارس حمێدی) له كوشتارگه به‌ناووبانگه‌كه‌ی ساڵانی هه‌شتاكان له ته‌دموور، ڕژێمی (ئه‌سه‌د) كوشتی، برایه‌كی دیكه‌یشی پاش 16 ساڵ له زیندانیكردنی له لایه‌ن ڕژێمی سووریاوه، له ساڵی 2000 ئازاد كار.
(ئه‌یمه‌ن) له خانه‌واده‌یه‌كی دیاری گوندی (حوێجه عه‌بدی)ی سه‌ربه گرێ سپی(ته‌ل ئه‌بیه‌ز)ه؛ باوكی سه‌رۆكی هۆزه‌كانی ناوچه‌كه بووه، له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵگیرسانی شۆڕش له سووریا، (ئه‌یمه‌ن) 200 دۆنم زه‌وی ده‌فرۆشێ و پاره‌كه‌ی ده‌دات به شۆڕشگێڕانی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌ی وه‌ك پشتیوانی بووه بۆ شۆڕش، سوێندیشی خواردووه كه، 'قڕش'ێكی لێ هه‌ڵنه‌گرێ؛ ئامۆزاكانی وا ده‌ڵێن.
(سەڵاح بەدرەددین)یش جه‌خت ده‌كاته‌وه كه، ئەو کەسەی کوژراوە(ئه‌یمه‌ن حمێدی) وەک باسی لێوە دەکرێت، وڵاتپارێز و خەمخۆری وڵات بووە و دژی رژێمی سووریا کاری کردووە.
ئه‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌ی ڕۆژاوای كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیمۆكراتی كوردستان گوتیشی، ''عەرەب زۆریان دژی کوردن، بەڵام ئەمانە(بنه‌ماڵه‌ی ئه‌یمه‌ن) دۆستی کوردن و زۆر لەسەر کورد بە باشی نووسویانە و هه‌ڵوێستیان هه‌بووه، چونکە نووسەرێکیان ھەیە بە ناوی (یاسین حەجی ساڵح) و نووسەرێکی ناسراوە، بۆیە باوه‌ڕم وایه ئەمە کاریگەری بەسەر پەیوەندییان به کورده‌وه دەبێت، ھەرچەندە ئەوان دەزانن پەیەدە نوێنەرایەتیی کورد ناکات.''
كه‌سێكی ناوچه‌ی گرێ سپی به ناوی (ئه‌بو ئه‌حمه‌د)، ڕایگه‌یاندووه ''په‌یه‌ده گه‌لێك زیندانی نهێنی هه‌ن، ئه‌مه پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا گرتووه، له كۆبانێ، سه‌رێ كانی، هه‌روه‌ك داعش زیندانی نهێنی هه‌ن؛ نموونه: له گوندی یابسه ماڵێكیان كردووه به زیندانی نهێنی.''
وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه، له‌وه‌ته‌ی داعش و له لایه‌كی دیكه‌وه یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ڵ ڕوویان له ناوچه‌كه‌یان كردبوو، (ئه‌یمه‌ن) له ماڵه‌وه‌ی نه‌چووه‌ته ده‌روه‌وه و، به‌ڵێنیشی دابوو، تا (ئه‌سه‌د) نه‌ڕووخێ، قژی كورت نه‌كاته‌وه، به‌ڵام له پڕێكدا یه‌په‌گه به‌سه‌ر ماڵه‌كه‌یدا ده‌ده‌ن و خۆی و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌به‌ن؛ به‌ڵام پاش چه‌ند ڕۆژێك و پێش هاتنه دی خه‌ونه‌كه‌ی، ته‌رمێكی ساردوسڕ بۆ كه‌سوكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
به گوته‌ی كوڕه‌مامێكی(ئه‌یمه‌ن)، یه‌كێك له په‌رستاره‌كان ئاشكرای كردووه كه، شوێنی ئه‌شكه‌نجه به‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه دیار بووه و، به‌رله‌وه‌ی بگه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه، هه‌ر له ڕێگا مردووه.




