٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سه‌رۆك بارزانی: ڕێگە بە فەرهەنگی جیاكاری و ئایینی نادرێت

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری كرد و له‌ دیداریاندا ڕایگه‌یاند، لە كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە فەرهەنگی جیاكاری و ئایینی نادرێت و لە نەبوونی جیاكارییەكاندا دەكرێ كۆمەڵگەیەكی تەندروست بنیات بنرێت.

ڕۆژی دووشەممە 28ـی 9ـی 2015 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەخێرهێنان و پیرۆزبایی گوازتنەوەی كورسیی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و دانانی قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) بە پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری، سەردانی قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) كرد لە كەنیسەی (ماریوخنا معمدان) لە شارۆچكەی (عەنكاوا)ـی شاری هەولێر و لەگەڵ پاتریارك و ئەنجوومەنی پیرۆز و مەترانەكانی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری كۆبۆوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) پیرۆزبایی لە قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) كرد، بە بۆنەی دانانی وەك سەرۆكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری و هەروەها گوازتنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە (شیكاگۆ)ـی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان. (سەرۆك بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانیان، بڕیاری گواستنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی گرینگ و مێژوویی وەسف كرد، كە كاریگەریی ئیجابی لەسەر پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە ناوچەكەدا دەبێت.

(سەرۆك بارزانی) ئاماژەیشی بە مێژووی دێرینی پێكەوەژیان لە كوردستان كرد و هیوای خواست كە بڕیاری گوازتنەوەی كورسیی پاتریاركی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری بۆ كوردستان، ببێتە هۆی قووڵتربوونی فەرهەنگی پێكەوەژیان و پەرەسەندنی ڕۆحی برایەتی و تەبایی لەنێوان پێكهاتە ئایینییەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە. (سەرۆك بارزانی) جەختیشی لەوە كردەوە كە لە كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە فەرهەنگی جیاكاری و ئایینی نادرێت و لە نەبوونی جیاكارییەكاندا دەكرێ كۆمەڵگەیەكی تەندروست بنیات بنرێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) باسی لەو نەهامەتی و كارەساتانە كرد، كە لەسەر دەستی ڕژێمەكانی پێشووی عێراق تووشی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق بووە و، هەروەها ئاماژەیشی بە وەحشیگەرییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش كرد لە دژی پێكهاتە و هاووڵاتیان كە لە مێژوودا وێنەی نەبووە.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە كە كوردستان خوشك و برا مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەپارێزێت و، هەموو لایەك لە كوردستان بە سەربەرزی لە مەرگ و ژیاندا پێكەوە دەبن و پێویستیشە هەموومان لەسەر ئەو نەهجە بڕۆین كە خزمەتی نیشتیمان بكەین و بەسەر مرۆڤایەتیشدا كراوە بین. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە دواجار خێر و برایەتی و پێكەوەژیان بەسەر شەڕانگێزی و ئینكاردا سەر دەكەوێت.

لەبەرانبەردا قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) و ئەندامانی (ئەنجوومەنی پیرۆز) سوپاسی (سەرۆك بارزانی)یان كرد و پێزانینیان بۆ هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەبوو بۆ یارمەتیدانی مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەوتەوەییەكانی دیكە. هەروەها ئاماژەیان بەوەیش دا كە هەرێمی كوردستان نموونەیەكی بەرچاوی هاوبەشی و پێكەوەژیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە وەك ئەزموونێكی سەركەوتوو سەیر بكرێت و سوودی لێوەربگیرێت. ئەوەیشیان ڕاگەیاند كە لە كوردستان هەموو ئایینەكان لەتەك یەكتر وەك برا دەژیین و ئەوەیش وێنەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەم وڵاتەیە.

لە بەشێكی ئەم دیدارەدا قەداسەتی پاتریارك مارگۆرگیسی سێیەم (سڵێوا) و ئەندامانی (ئەنجوومەنی پیرۆز) ستاییشی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە پاراستنی پێكهاتەكان و هاووڵاتیان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشیشیان لە (سەرۆك بارزانی) و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشیان بۆ برینداران خواست.

هەواڵی پەیوەندیدار