٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیریی و راگەیاندنی پارتی بۆ ئێزگەی دەنگی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

 

بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستاڤی بەڕێوەبردن و كارمەندانی رادیۆی دەنگی كوردستان..

   لە (52)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی (ئێزگەی دەنگی كوردستان)  پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی ئێوەی بەڕێز و بیسەرانتان دەكەین، دەستی هەوڵ و كۆشش و ماندووبوونتان دەگوشین، هیواخوازین هەمیشە بەوپەڕی بەرپرسێتی و لەخۆبردووانە بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی دەنگی كوردستان و خزمەتی زیاتر و بەرچاوتر بە رەوتی تێكۆشانی گەلەكەمان و بواری میدیایی بگەیەنن.

   دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان لە هەلومەرجی ئەوسادا بە بڕیار و رێنمایی (بارزانی نەمر) و سەركردایەتیی شۆڕش بەر لە (52) ساڵ زەنگێكی وریاكەرەوە و پێویست بوو لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بۆ بەرگریكردن لە هەبوون و كیانی نەتەوەییمان و جۆشدانی گیانی خۆڕاگری و شۆڕشگێری دژ بە ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە.

  ئەمڕۆیش لەو هەلومەرجەدا رۆڵی ئێوە وەك ئێزگەی دەنگی كوردستان دیار و بەرچاوە لە هاندان و جۆشدانی گیانی خۆڕاگری و گیانفیدایی بۆ گەل و نیشتیمان و شانبەشانی سەركەوتنەكانی هێزە دلێرەكانی پێشمەرگەو رۆڵە دڵسۆزەكانی گەلەكەمان بۆ داكۆكیكردن لە خاك و نیشتیمان و دەسكەوتەكانمان.

   لەم یادەدا وێڕی دووپاتكردنەوەی پاڵپشتیی بەردەواممان بۆ رادیۆی دەنگی كوردستان، ئومێدەوارین لەرووی چەندایەتی و چۆنیەتییەوە زیاتر بەرەو پێش بچن و رۆڵی ئەرێنیانەی خۆتان بگێڕن لە چارەكردنی كێشەكان و خزمەتی زیاتر بە بیسەرانتان و خەڵك و  هاووڵاتیان بكەن و لە ئاست بەرپرسیارەتیی ئیعلامی و مێژوویی خۆتاندا بن.

  جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێ دەكەین و هیوای بەردەوامی و هەمیشە سەركەوتنتان بۆ دەخوازین...

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی

پارتیی دیموكراتی كوردستان

                                                                                           

هەواڵی پەیوەندیدار