٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چاودێرێكی سیاسی: لە دوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانی، چاوەڕوان دەكرێت لایەنەكان رێك بكەون

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- چاودێرێكی سیاسی دەڵێت، لە دوای پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان لایەنەكاندا، لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە بگەنە رێككەوتن و كۆتایی بەو كێشەیە بهێنن.

چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ (د. بوخاری عەبدوڵڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پەیامەكەی سەۆكی هەرێمی كوردستان ئەوە دەگەیێنێت كە پێویستە كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك چارە بكرێت خەڵك و لایەنەكان تێیدا سەركەوتوو بن و سەرۆكی هەرێم نەبێتە بەشێك لە كێشەكە، چونكە ئەو هیچ كاتێك نابێتە بەشێك لە گرفتەكە و دەیەوێت بەشێك بێت لە چارەسەر، بۆیە پەیامەكەیش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو".

(عەبدوڵڵا) گوتیشی: "گەشبینم بەوەی كۆبوونەوەی شەشی مانگی داهاتوو كە لە نێوان پێنج لایەنەكەدا لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام دەدرێت، ئاكامی باشی دەبێت و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش پێی دڵخۆش دەبن".

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە: "گەشبینییەكەی من لەوەدایە كە زۆر لایەن وایان هەست دەكرد سەرۆكی هەرێم بەشێكە لە كێشەكە، بەڵام ئەو دووپاتی كردەوە كە بەشێك نابێت لە كێشەكە و، ئاسانترین كەسە كە لە یاسا تێدەگات و پابەند دەبێت و لە یاسا دەرناچێت و رێزی لێ دەگرێت".

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ هەموو لایەنەكانە بە پارتییشەوە كە ئەوە بۆچوونی ئەوە و نابێت لە گفتوگۆكان ئەو بكرێتە كێشە، بۆیە ئەمە رێگاخۆشكەرە بسازێن و رێگایەكی یاسایی بدۆزنەوە و بگەنە رێككەوتن و كۆتایی بەو قەیرانە بهێنن".

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار