پێشمهرگه مۆدێلێكی تازهی سوپا له جیهاندا.. تهنها ئهم سوپایه دهتوانێت تیرۆریستان تیێكبشكێنێت

ههولێر-KDP.info- (جۆزیف نای)، كە داهێنەری چەمكی هێزی نەرمە بۆ ئەوەی لە تێكەڵكردنی لەگەڵ هێزی رەق، هێزی زیرەك بەرهەم بهێندرێت، ماوەی نزیكەی چارەكە سەدەیەكە لەسەر چەمكی هێز و ئایندەی هێز كار دەكات و، لەم بوارەشدا نەك چەندین وتار، بەڵكو چەندین كتێبی نووسیوە؛ كه دواینیان كتێبی ئایندهی هیزه و ئێستایش خهریكی نووسینی كتێبی ئایندهی هیزی سهربازییه له جیهاندا.
(جۆزیف نای) لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكی زۆر یاریدەری وەزیری بەرگریی ئەمهریكا بووە، بەڵام لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستی جیهان وەك بیرمەندێك ناسراوە و وەك بیرمەندێك گوێ لە را و بۆچوونەكانی دەگیرێت. بۆیە لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكانیش وەك بیرمەندێك بۆ چارەكردنی كێشەكانی جیهان بانگهێشت دەكرێت. هەروەك چۆن لە ساڵی 2015 بۆ پەنێڵی ئایندەی سوپا بانگهێشتی كۆڕبەندی داڤۆس كرا، بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئەوە بكرێت، چ مۆدێلێكی سوپا ئەو توانایەی هەیە تیرۆریستانی داعش لە سەر زەوی تێكبشكێنێت. دیارە بۆ ئەم كۆڕبەندە بێجگە لە (جۆزیف نای) و باڵیۆز (واڵفنگ شینگەر) سەرۆكی كۆنفرانسی 51ی ئاسایشی میونخ، ژەنهڕاڵێكی سوپای ئەمهریكا و وەزیری بەرگریی كۆلۆمبیا و (د.رۆژ نووری شاوەیس) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستانیش وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگە بانگهێشت كرابوون، لەم پەنێڵەدا، (جوزیف نای) باسی لە مۆدێلی چوارەمی سوپا كرد لە شەڕی هاوچەرخدا، كە ئەویش شەڕی بێ سەربازە، وەك هێرشی سایبەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و، بەكارهێنانی رۆبۆت لە بری سەرباز بۆ یەكلاكردنەوەی شەڕەكان. ئەو كە لە مانگی كانوونی دووەمی 2015 پێیوابوو تەنیا سوپایەك بتوانێت شەڕی هاوچەرخی ئایندە یەكلایی بكاتەوە، تەنیا ئەو سوپایەیە كە سەرباز بەشداری تێدا نەكات، بەڵام لە شوباتی 2015 واتە تەنیا یەك دوو هەفتە دوای كۆڕبەندی داڤوس و یەك دوو رۆژ پێش گرێدانی كۆنفرانسی 51ی میونیخ بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی، وتارێكی بە ناونیشانی ئایندەی هێزی سەربازی بڵاو كردەوە، لەو وتارەدا ئاماژە بەوە دەكات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، دەبێت مۆدێلی پێنجەمی سوپا دروست بكرێت و، لەسەر ئەمهریكا پێویستە پشتگیریی لۆجیستیی سوپای تەقلیدی بداتە ئەو هێزانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر ئەرز شەڕی تیرۆریستان دەكەن. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر مۆدێلی یەكەمی سوپا لە شەڕی هاوچەرخدا، سوپاكەی ناپلیۆن بێت و مۆدێلی دووەم سوپاكانی شەڕی یەكەمی جیهانی بێت و، مۆدێلی سێیەم بەكارهێنانی تابووری پێنجەم بووبێت لەسەردەستی هیتلەر لە شەڕی دووەمی جیهاندا و پاش ئەویش لە دوای شەڕی دووەمی جیهان و سەردەمی شۆڕشی تەكنەلۆژیا، سوپای سایبەر و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و بەكارهێنانی رۆبۆت بێت لە بری سەرباز، ئەوا شەڕی داعش و گرژ و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریخست، كە ئەو شەڕە پێویستە بە سوپایەك هەیە كە بتوانێت لەسەر ئەرز تیرۆریستان تێكبشكێنێت.
وەك (بیرنارد هنری لیڤی) بیرمەندی گەورەی فەرەنسی لە چەند رۆژی رابردوو لە وتاریكدا بە ناونیشانی (پێشمەرگە باشترین سوپای رۆژئاوایە بۆ تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامی داعش) بڵاوی كردووهتەوە، ئاماژە بەوە دەكات، تەنیا هێزێك لەسەر ئەرز توانیبێتی بیسەلمێنێت توانای ئەوەی هەیە تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، هێزی پێشمەرگەیە. ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە ئەم هێزە -پێشمەرگە- مۆدێلێكی تازەی سوپایە بۆ تێكشكانی تیرۆریستان لەسەر ئەرز، ئەم سوپایە پێویستی بە رۆكێتی میلان و تانك و زررێپۆش و چەكی قورس هەیە و، ناكرێت لەبەر خاتری سەروەری عێراق، رۆژئاوا لە پڕچەككردنیان كەمتەرخەمی بكات، لەمەش (بیرنارد لیڤی) ئەو پرسیارە دەكات، ئایا بەبێ پێشمەرگە، جیهان دەتوانێت مێژووی نوێی خۆی بنووسێتەوە؟ یان ئایا جیهان دەتوانێت لە دژی كورد مێژوو بنووسێتەوە؟




