هۆڵهندا له كهیسی بهجینۆسایدناساندنی كوردانی ئێزدی هاوكاری ههرێم دهبێ..له مهشقپێكردنی پێشمهرگه بهردهوام دهبن

هۆڵهندا-KDP.info- وهزیری دهرهوهی هۆڵهندا پێوهست به كهیسی كوردانی ئێزدی كه بهجینۆساید بناسرێ، هاوكاری وڵاتهكهی بۆ ههرێم دووپات كردهوه و لهبارهی مهشقدادانی پێشمهرگهیش دووپاتی لهسهر بهردهوامبوونی تیمهكانی وڵاتهكهی بۆ هاوكاری و مهشقپێكردنی پێشمهرگه كردهوه.
ئەمڕۆ هەینى (فهلاح مستەفا) بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوەی حكوومهتی ههرێمی كوردستان سەردانى وەزارەتى دەرەوەى هۆڵەنداى کرد و لەلایەن (بێرت کۆندیرۆس) وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا پێشوازى لێ کرا.
لە سەرەتایى دیدارەکەدا وەزیرى دەرەوە بە گەرمى بەخێرهاتنى بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوە و شاندى یاوەرى کرد.
دواتر بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوە سوپاسى (بێرت کۆیندێرس)ـی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و پوختەیەکى لەسەر ڕەوشى ئەمڕۆى هەرێمى کوردستان لە ڕووى سیاسى، سەربازى، ئابوورى و پێوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا پێشکەیش کرد.
هەروەها ئەوەى خستەڕوو لە پاڵ پتەوکردنى پێوەندییە دوو قۆڵییەکانى نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ هۆڵەندا بەشێک لە ئامانجى سەردانەکەیان بۆ سەردانى دادگاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى بووە بە مەبەستى بە جینۆساید ناساندنى تاوانەکانى گروپى تیرۆریستى داعش دژ بە کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینەکانى دی. بۆیە داوا لە حکوومەتى هۆڵەندا و هەموو وڵاتانى دۆست دەکەین کە پشتگیرى لەم دۆسیەیە بکەن بۆ ئەوەى تاوانباران دادگایى بکرێن و ئەم تاوانە دڕندانەى کە ئەنجامیان داوە بە جینۆساید بناسرێت.
هەروەها سوپاسى حکوومەتى هۆڵەنداى کرد کە لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى بە سەرۆکایەتى ئەمریکا بە تیمێکى گەورەى سەربازى، مەشق بە هێزەکانى پێشمەرگە دەکەن کە ئەمەش جێگەى پێزانینە.
لە تەوەرێکى دیكهدا بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوە باسى لە بارودۆخى مرۆیى ئاوارە و پەنابەران کرد کە ژمارەیان نزیکەى ٢ ملیۆن دەبێت و لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن کە پێویستیان بە هاوکارى مرۆیى زیاتر هەیە و هەرێمى کوردستان دووچارى قەیرانى دارایى بۆتەوە بۆیە گەلى کوردستان و ژێرخانى کوردستان پێویستیان بە هاوکارى و پشتگیرى زیاتر هەیە.
(فەلاح مستەفا) باسى لە بەردەوامى قەیرانى سووریا و کاریگەریەکانى لەسەر وڵاتانى ناوچەکە و مەترسییەکانى گروپە تیرۆریستییەکان کرد.
لە بەرانبەردا (بێرت کۆندیرۆس) وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا پابەندى وڵاتەکەى دووپاتکردەوە بۆ پتەوکردنى پێوەندییەکان لە ڕووى سیاسى و ئابوورى و وەبەرهێنان و یارمەتى مرۆیى. حکوومەتى هۆڵەندا هاوشێوەى ساڵى ڕابڕدوو بڕیاریداوە بەردەوام دەبێت لە هاوکارى بۆ ئاوارەکانى ناوخۆ و پەنابەرانى سووریا.
هەروەها لە چوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بەردەوام دەبن لە شەڕ دژى گروپى تیرۆریستى داعش لە ڕێگاى هێرشى ئاسمانى و خولى مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانى پێشمەرگە.
سەبارەت بە تاوانەکانى گروپى تیرۆریستى داعش بەرانبەر بە کوردانى ئێزیدى وەزیرى دەرەوەى هۆڵەندا دهڵێ، کە پشتگیرى لە هەوڵەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن و پێویستە ئەو کەسانەى کە ئەم کارەیان کردووە دادگایى بکرێن.
لە کۆتایى هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پەرەپێدانى پێوەندییەکانى لە بوارى ئابوورى و بازرگانى و کەلتورى بەتایبەتى لە ڕێگاى بەشدارى کردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەکان و کۆڕبەندى ئابوورى.
جێگەى ئاماژەیە کە لە دیدارەکەدا ژەنەڕاڵ ڤان دێر لان بەڕێوبەرى ئۆپەراسیۆنەکان لە وەزارەتى بەرگرى و خاتوو بیرگیتا تازیلار بەرپرسى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقیا لە وەزارەتى دەرەوە و عمر رشید بەڕێوەبەرى گشتى و توفیق رهحمان بەڕێوەبەرى پێشکەوتوو لە فەرمانگەى پێوەندییەکانى دەرەوە ئامادەى دیدارەکە بوون.




