٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تەڤدەم: پارتی، به‌ گه‌لێك شێوه‌ هاوكاریی رۆژئاوای كوردستانی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی "تەڤدەم" لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، پارتیی دیمۆكراتی كوردستان لە ماوەی رابردوودا بە چەندین ڕێگەی جۆراوجۆر هاوكاریی پێشكەش بە رۆژئاوای كوردستان كردووە، ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆیش لە هەرێمی كوردستاندا بە دەست هاتوون، كوردانی پارچەكانی دیكەی دڵخۆش كردووە.

(د. محەممەد رەشۆ) بەرپرسی پەیوەندییەكانی "تەڤدەم" لە هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زۆر گرینگە حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بایەخ بە پەیوەندییەكانی نێوانیان بدەن، بە تایبەتی پارتیی دیموكراتی كوردستان و "پەیەدە"، چونكە ئەو دوو حزبە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەدا گرینگی و كاریگەریی خۆیان هەیە و خاوەنی جەماوەرێكی زۆرن، بۆیە ئەگەر پەیوەندییەكانی ئەو دوو حزبە لەگەڵ یەكدیدا باش بن، لەو باوەڕەدام هەموو لایەنەكانی دیكە پەیوەندییان لەگەڵ یەكدیدا باش دەبێت".

(د. رەشۆ) ئاماژەیشی دا، زۆر گرینگە ئەو جۆرە پەیوەندیانە لەسەر ئاستی باڵادا بەردەوام بن و درێژەیان پێ بدرێت، چونكە كورد هەموو برانە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەرێمی كوردستان بۆ رۆژئاوای كوردستان بایەخی خۆی هەیە، چونكە كێشە و گرفتەكانی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا یەكن، ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆیش لە هەرێمی كوردستاندا بە دەست هاتوون، كوردانی پارچەكانی دیكەی دڵخۆش كردووە، بۆیە پێكەوەدانیشتن و گفتوگۆكردن لەسەر كێشەكانی رۆژئاوا، بە تایبەتی لەگەڵ پارتیی دیموكراتی كوردستاندا، زۆر گرینگە و پێویستیی قۆناخەكەیە".

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار