نوێنهرانی بیانی له ههرێم به ئهزموونی ههرێم دڵخۆشن
__2015_09_22_h19m47s48__LB.jpg)
ههولێر-KDP.info- له كۆبوونهوهیهكی فهرمانگهی پێوهندییهكانی دهرهوهی حكوومهتی ههرێم و دهستهی دهسپاكیی ههرێم لهگهڵ دیپلۆماتكار و نوێنهرانی وڵاتانی بیانی ڕهوشی ههرێمی كوردستان خرایه ڕوو و كه وڵاتانی بیانی ڕهچاوی سهقامگیری ههرێم بكهن و ڕێنمایی گهشت بۆ هاووڵاتیان دهربكهن.
لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم و دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دیپلۆماتکار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان کە بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت و د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبووان باسی لە ئامانجی ئەم کۆبوونەوە فراوانە کرد و گوتی: "دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان وەک دەزگایەکی کارای هەرێمی کوردستان نیازی وایە پوختەیەک دەربارەی کارەکانیان پێشکەش بکەن و هەروا خواست و داخوازیان بخەنە بەردەم نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم."
سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان گوتی: "لایەنە سیاسییەکان بەردەوامن لە گفتوگۆ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و ئەم هەنگاوەش ئەوەی سەلماند کە پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کورستان لە ڕێگەی دیالۆگ و گۆڕینەوەی بیروڕا پراکتیزە دەکرێت."
دواتر تیشکی خستە سەر بارودۆخی سەربازی و گوتی: "شەڕی داعش کۆتایی نەهاتووە و پێویستیمان بە پشتیوانییەکی بەردەوام هەیە."
هەروا دەربارەی بارودۆخی مرۆیی بۆ ئامادەبووان دوا و گوتی: "ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان کەمی نەکردووە، کەچی هاوکارییە مرۆییەکان لە ئاستی پێویستدا نییە."
فەلاح مستەفا هیوای خواست نوێنەرانی وڵاتانی بیانی بارودۆخی سەقامگیری هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرن و ڕێنمایی گەشتکردن (Travel Advice)بۆ هاووڵاتییەکانیان دەربکەن. هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاساییش و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە ناوچەیەکی سەقامگیرە. سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەین کە لە ڕێنماییەکانیان بۆ گەشت ڕێگری ناکەن لە هاتنی هاووڵاتییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان.
پاشان نەزمی حەزووری کونسوڵی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان بە ناوی دیپلۆماتکار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم سوپاسی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە لەگەڵ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و، بە هەنگاوێکی گرینگی وەسف کرد لە ڕێی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو لەسەر بنەمای دامەزراوەیی و نەهێشتنی گەندەڵی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان لە هەموو ڕووێکەوە."
بەڕێزیان گوتی لە چوارچێوەی تێڕوانینمان بۆ دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان وای دەبینین کە هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بوونی قەیرانی دارایی بەردەوامە لەسەر بنیاتنانی کۆمەڵگا و پەرەپێدانی تاک، بێگومان ئەم دەستەیە دەتوانێ کۆمەڵگا و سیستەمی هەرێم بەرەو ئاستەیەکی باشتر ببات. بۆیە بەناوی دیپلۆماتکار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم ئامادەی هاوکاری و هەماهەنگین لەگەڵ ئەم دەستەیە.
پاشان د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە، پوختەیەکی لەسەر یاساو ئامانج و کارەکانی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و گوتی تا ئێستا هەنگاوی باشمان هاوێشتووە و بەردەوام دەبین بۆ کارکردن بە نوێترین شێوازی سەردەمیانە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان.
هەروابێتەوە گوتی، ئێمە چەندین ڕێگامان گرتووەتە بەر بۆ سەرخستنی کارەکانمان، لەوانە بایەخدانی تەواو بە مەترسییەکانی گەندەڵی لەسەر وڵات لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان و پرۆگرامەکانی خوێندن و هەروا چۆنیەتی خۆپاراستن لە دەسکەوتی ناڕەوا و یارمەتیدانی فەرمانگەی یاسایی حکوومەت بۆ نەهێشتنی دیاردەی فەرمانبەری بێکار و بندیوار. هاوکات دەرگامان کراوەیە بۆ هاووڵاتیان دەتوانن ئاگادارمان بکەنەوە لە هەر دیاردەیەک.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی لەم کۆبوونەوەیە دەمەوێ خواست و داواکارییەکانی دەستەکەمان بخەمە بەردست ئێوەی بەڕێز بۆ سەرخستنی کارەکانمان. لەم بارەیەوە گوتی ئێمەی دەستەیەکی تازەین و ئەزموونی زۆرمان لەگەڵ ئەم کارەدا نییە، بۆیە کارمەندانمان پێویستیان بە خولی مەشق و ڕاهێنان هەیە تا شارەزایی زیاتریان دەست کەوێت لەسەر چۆنیەتیی کارکردن لەسەر کەیسەکان. هەروا گوتی دەخوازین یارمەتیمان بدەن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوەکانی هاوشیوە لەوڵاتی خۆتان بۆ گۆڕینەوەی زانیاری و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ئێوە. بەڕێزیان هیوای خواست دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە کۆڕو کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان بەشداری پێ بکرێت و، هاوشانی دەزگاکانی هاوشێوە لە وڵاتانی دیکە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێم و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا و ژمارەیەک لە کونسوڵی وڵاتان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو کۆبوونەوەیە نیشان دا و پشتگیری خۆیان یۆ کارەکانی دەستەی دەستپاکی خستە ڕوو و به ئهزموونی ههرێم دڵخۆش بوون.
جێگەی باسە نوێنەرانی فەلەستین و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و کۆماری تورکیا و کۆماری چینی میللی و بەریتانیا و کۆماری ئیتاڵیا و کۆماری کۆریا و کۆماری ڕۆمانیا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەنگاریا و شانشینی ئەردەنی هاشمی و وڵاتی کوێت و هۆڵەندا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆماری چیک و کۆماری بوڵگاریا و کۆماری سودان و نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا و نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئامادە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و شێرزاد ئازاد بەڕێوەبەری پڕۆتۆکۆڵی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی فەرمانگەی پەیوەندیەکان و بەڕێوەبەرانی دەستەی دەستپاکی ئامادە بوون.




