گەشتیاران بە لێشاو روو لە دەڤەری سۆران دەكەن

سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، دەستی بە ئامادەكاری كردووە بۆ جەژنی قوربان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی گەشتیاران بكات، كە پێشبینی دەكرێت گەشتیارێكی زۆر روو لە دەڤەری سۆران بكەن.
(بارزان محەممەد) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەك بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سۆران ئامادەكارییەكی باشمان كردووە بۆ رۆژانی جەژنی قوربان، هەروەها نووسراومان ئاڕاستەی هەر دوو قایمقامییەتی سۆران و رواندز كردووە، بۆ ئەوەی ئەوانیش ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دیكەی بكەن، بۆ ئەم مەبەستەیش بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس، بەرگریی شارستانی و تەندروستی، هەموو لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ ئەوەی هەر رووداوێكی نەخوازراو بێتە پێشەوە، بە زووترین كات چارەی بكەن".
دەشڵێت: "لە رۆژانی جەژندا نانەواخانەكان و گۆشتفرۆشەكانیش كراوە دەبن، ئەوەی تایبەت بێت بە خاوێنكردنەوەی شوێنە گەشتوگوزارییەكان، بە هاوكاری لەگەڵ كۆمپانیای پاپاگرووپ هەموو شوێنە گەشتوگوزارییەكان خاوێن كراونەتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەكی باش خزمەتی گەشتیاران بكەین".
(محەممەد) ئاماژەیش دەدات: "هەر لە ئێستاوە گەشتیاران دێن بۆ شوێنە گەشتوگوزارییەكان، پێشبینییش دەكرێت بە هۆی كردنەوەی ڕێگاكانی نێوان هەولێر و باشوور و ناوەڕاستی عێراق و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەو ناوچانەدا، رێژەیەكی زۆر لە گەشتیاران سەردانی دەڤەری سۆران بكەن".
رابین شێروانی




