لیژنەی یاسایی: براوەی هەڵبژاردن مافی ڤیتۆی هەیە.. پێویستە پرەنسیپی سازان لە ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا پێڕۆ بكرێت

هەڵەبجە-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پێویستە كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بە سازان دابەش بكرێن و، هەر لایەنێكیش رازی نەبێت، مافی بەكارهێنانی ڤیتۆی هەیە، بە مەرجێك لە هەڵبژاردنەكاندا كورسیی بە دەست هێنابێت.
(ڤەمان فەیسەڵ) ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو بڕیارەی لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەرچووە، پێویستە هەموو لایەنەكان رێككەوتن بكەن بۆ ئیدارەكردنی پارێزگای هەڵەبجە، بۆیە هەر لایەنێك كە لە هەڵبژاردنەكان سەركەوتوو بووە، مافی ڤیتۆی دەبێت ئەگەر لە دابەشكردنی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا رازی نەبێت، چونكە ئەمە بەدەرە لە هەڵبژاردنی رابردوو و ناكرێت ئەو هەڵبژاردنە بكرێتە پێوەر، لەبەر ئەوەی ماوەیەكی زۆری بەسەردا چووە و ئەگەری هەیە گۆرانكاریی زۆر لە دەنگەكاندا ڕووی دابێت".
(ڤەمان فەیسەڵ) گوتیشی، ئەو بڕیارەی بۆ هەڵەبجە دراوە، تایبەت بووە و پێویستییەك بووە بۆ خەڵكی ئەو پارێزگایە كە سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتیش پشتگیرییان كردووە، بەڵام بۆ ئەوە نەبووە كە ئەو لایەنانە بۆ خۆیان كورسییەكان لەنێو خۆیاندا دابەش بكەن و حیساب بۆ هەندێك لایەن نەكەن و بڕیارەكە تایبەت بە ئەوان بێت، بەڵكە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ناوچەكەیە.
ڕوونیشی كردەوە كە، ئەگەر لایەنەكان نەگەییشتنە رێككەوتن، ئەوكات پەرلەمان دەتوانێ دەستوەردان بكات بۆ دابەشكردنی كورسییەكان، بەڵام لە ئێستادا دەستوەردانی پەرلەمان دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات، بۆیە باشترە لایەنەكان خۆیان بگەنە رێككەوتن.
شیاوی گوتنە، لە دابەشكردنی كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەدا پارتیی دیموكراتی كوردستان و حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستانیش نیگەرانن و، هێشتا بە دابەشكارییەكە ڕازی نین.
بڵند ئیبراهیم




