٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی حكوومەت بەم زووانە چاكسازی لە هەموو بوارەكاندا رادەگەیێنێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان دەڵێت: "(نێچیر‌ڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەیەكی چاكسازیی لە هەموو بوارەكان لەناو حكوومەتدا بە دەستەوەیە و بەم زووانە رایدەگەیێنێت‌، كە ئەوەیش پەیامێكی دڵخۆشكەرە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.

(ئامینە زكری) جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەركەكانی پەرلەمان بریتین لە یاسادانان، چاودێریكردنی كارەكانی حكوومەت و بانگهێشتكردنی وەزیرەكان و نوێنەرایەتیكردنی خەڵك، بە گوێرەی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانیش، لیژنە تایبەتمەندەكان یاخود ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، دەتوانن وەزیرەكانی حكوومەت بانگهێشت بكەن، لە كاتی وەڵامدانەوەی وەزیریش ئەگەر وەڵامەكان روون نەبوون، ئەوا بە دەنگی 2 لەسەر سێی پەرلەمان كە دەكاتە 76 ئەندام، متمانە لە وەزیر دەستێندرێتەوە.
 
(ئامینە) زیاتر دەڵێ: "بەرنامەی چاكسازی یەكێك بوو لە بەرنامەكانی كابینەی هەشتەم، كاتێك كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هاتە پەرلەمان بۆ راگەیاندنی بەرنامەی حكوومەت، یەكێك لەو بەرنامانە، بەرنامەی چاكسازی بوو، سەرۆكی حكوومەت دەستی هەموو وەزیرەكانی كردەوە بۆ ئەوەی چاكسازی بكەن و بەدواداچوون بكەن بۆ ئەوانەی بندیوارن و هەر شتێكی دیكە كە ڕێگە لە گەندەلی دەگرێت، بەڵام بە داخەوە بابەتی قەیرانی دارایی، شەڕی داعش و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم، كۆمەڵێك قەیران بوون ڕووبەڕووی حكوومەتی هەرێم بوونەوە و، بوونە هۆكار كە بەرنامەی چاكسازی دوا بكەوێت، بە تایبەتی دوای هاتنی زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە، كە هەموو ئەمانە كاری حكوومەتی گۆڕی، ئێستایش سەرۆكی حكوومەت پڕۆژەیەكی چاكسازیی لە هەموو بوارەكان لە بەردەستدایە و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا رایبگەیێنێت، كە ئەوەیش پەیامێكی دڵخۆشكەرە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان".
جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوەیشی گوت: "یەكەم فڕاكسیۆن كە پێداچوونەوەی مووچە و دادپەروەری لە مووچەدا پێشكەش كرد، فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بوو، پڕۆژەكەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و ئاڕاستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كراوە، تەنیا ئەوە ماوە سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوا لە لیژنە پەیوەندیدارەكان بكات راپۆرتی تایبەت بەو بابەتە ئامادە بكەن و بخرێتە بەرنامەی كارەوە".

رابین شێروانی  
 

هەواڵی پەیوەندیدار