ههوڵ دەدەرێ 'كێلێ'، بکرێتە مهرزێکی فەرمی
__2015_09_21_h18m27s14__LB.jpg)
ههولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکوومەت و لیژنەی ناوخۆ و ئاساییش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کونسوڵگەریی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر باس لە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و پرسی ناسەقامگیری ناوچە سنووریەکان کرا.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت و ئەیوب عەبدوڵا سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان و مورتەزا عبادی کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بەڕێوە چوو.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەت وێڕایی بەخێرهێنانی میوانەکان، جەختی کردەوە لە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم لە بوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و تیشکی خستە سەر پەیوەندییە لەمێژینەکەی گەلی کوردستان و ئێران؛ گوتیشی حکوومەتی هەرێم دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بەرەوپیشتر ببات. هاوکات باسی لە گرنگیی بوونی کونسوڵگەری گشتی ئێران لە هەرێم کرد و، وەک بایەخی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەرێم و ئاماژەیەک بۆ پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەردوو لا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزی دوولایەنە.
دواتر ئەیوب عەبدوڵا سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان باسی لە پەیوەندیی لەمێژینە و، گرنگیی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و، باسی سەردانە مەیدانییەکانی لیژنەکەیانی کرد بۆ ناوچە سنوورییەکان و، ئەو زیانانەی کە بە خەڵکی ئەو ناوچانە گەیشتووە. داوایان کرد کە چیتر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان نەبنە قوربانی و زیانلێکەوتووان قەرەبوو بکرێنەوە.
دواتر شاندی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان وێڕای پشتیوانی لە قسەکانی سەرۆکی لیژنە، باسیان لە گرنگیی بەفەرمیکردنی مەرزی کێلێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و، داوایان کرد کە هاوکاری هەرێم بکەن لەم پرسەدا کە سوودی گەل و حکوومەتی هەردوو لای تێدا دەبێت.
لە بەرامبەردا مورتەزا عبادی سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان سوپاسی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەو دیدارە و ئەوەی خستە ڕوو کە حکوومەتی وڵاتەکەی بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا و، وەک هاوبەشێک سەیری دەکات بۆیە هیچ کاتێک ناخوازێت زیان بە خەڵکی هەرێم بگەیێنێت.
هەر لە دیدارەکەدا هەردوو لا گفتوگۆیان کرد دەربارەی ئەو رێوشوێنانەی کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی هەردووڵا و، هەروەها پاراستنی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کە بەردەوام زیانیان بەرکەوتووە و، بوونەتە قوربانی بارودۆخی شەڕ. هاوکات هیوایان خواست کە ئەو سنوورە هاوبەشی نێوان هەردوو لا ببێتە مایەی خێر بۆ خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو لا.
جێگەی باسە عەبدوڵا ئاکرەیی بەڕێوبەری گشتیی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ ئێران و، موحسن بەوەفا جێگری کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران و، شاندی کونسوڵگەری و، نازم کەبیر محەمەد جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانی پەرلەمانی کوردستان و، قادر وەتمان بڕیاردەری لێژنەکەیش لە کۆبوونەوەکەدا بوون.




