٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بێ واژۆی پارتی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە دابەش ناكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  كارگێڕێكی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە دەڵێت، لایەنەكان دەتوانن پۆستەكان بۆ خۆیان دابەش بكەن، بەڵام بەبێ واژۆی پارتی ناتوانن كورسییەكانی ئەنجوومەن دابەش بكەن، چونكە هەڵبژاردن نەكراوە، بۆیە پێویستە بە رێككەوتنی سیاسی بێت.

كارگێڕی لقی هەڵەبجەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (بەختیار سدیق) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی لایەنەكانیان كردووە لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانەوە، بەڵام كە سەردان دەكەن پێویستە وەڵامیش بدەنەوە، بۆیە سەردانی ئێمەیان كردووە و تا ئێستایش وەڵامیان نەداوەتەوە".


كارگێڕی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە گوتیشی: "نە وەڵامی داواكارییەكەی ئێمە دراوەتەوە و نە بانگهێشتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆیش كراوین، بەڵام ئەوان وا دەزانن دەتوانن پارتی پشتگوێ بخەن، كە بێگومان ناتوانن ئەمە بكەن، چونكە بە بێ واژۆی پارتی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە دابەش ناكرێن، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن نەكراوە تاوەكو بەپێی ئەنجامەكان كورسییەكان دابەش بكرێن".


(بەختیار سدیق) ئاماژەیشی دا: "سەبارەت بە دابەشكردنی كورسییەكانی ئەنجوومەن، پێویستە هەموو لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و دواتر بە یادداشتێك كە واژۆی هەموو لایەنەكانی لەسەر بێت، بدرێت بە وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، چونكە بڕیارەكە لەلایەن پەرلەمانەوە دراوە و لەبەر ئەوەیشە كە ئەو كەسانەی دادەمەزرێن، ناتوانن ئەنجوومەن دیاری بكەن، بەڵام دەتوانن پۆستەكانی دیكە دابەش بكەن".


بڕیارە ئەمڕۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانەوە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامیدا كۆ ببنەوە.


بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار