سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە: کەس ناتوانی ڕۆڵی پێشمەرگە لە شنگال کەم بکاتەوە
__2015_09_20_h18m19s14__LB.jpg)
شنگال -KDP.info- دوای ئەوەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە گوتارێکدا لە کۆنگرەی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستان باسی لەوە کرد ئەگەر یەپەگە نەبووایە شنگال عەیبدارتر دەبوو، سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە دەڵێت، ئەمە موزایەدەی سیاسییە و سیاسییهكان كهیفی خۆیانه چۆن قسه دهكهن، بەڵام کەس ناتوانی ڕۆڵی ھێزی پێشمەرگە کەم بکاتەوە و خەڵکی کوردستان شایەتە کێ ئەو ناوچانەی ڕزگارکردووە.
فهریق (جەمال ئیمینکی) سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە توانیویەتی لە زوممار تا دەگاتە شنگال بە سەدان (کم) ئازاد بکات، بۆیە کەس ناتوانی ڕۆڵی پێشمەرگە کەم بکاتەوە و، خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە شایەتن کێ ئەو ناوچانەی ئازاد کردووە."
سەرلەشکری ھێزی پێشمەرگە گوتیشی، سیاسییەکان کەیفی خۆیانە چۆن قسە دەکەن، بەڵام ناتوانن ڕۆڵی ھێزی پێشمەرگە کەم بکەنەوە، چونکە قوربانییەکی زۆر بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانە دراوە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت موزایەدەی سیاسییە.
ڕوونیشی کردەوە، ئەو ناوچانەی ئازاد کراون ھەموو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە سەرپەرشتیی سەرۆکی ھەرێمی كوردستان ئازاد کراون و، دیارە پێش ئەوەی شنگال ئازاد بکرێت دۆخەکە چۆن بوو و ئێستا چۆنە بە تایبەت چیای شنگال.
(ئیمینکی) ڕاشیگەیاند: "قوربانیدان لەپێناو ئازادکردنی یەکجارەکیی شنگال بەردەوامە و، ئەوەی ماوەش لەسەر دەستی ھێزی پێشمەرگە ئازاد دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




