دەرکەوت، وەزیری سامانە سرووشتییەکان هۆکاری دواکەوتنی مووچە نییە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژەنی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، چوونی وەزیری دارایی(ڕێباز حەملان) بۆ تورکیا، بۆ کردنەوەی حیسابی بانکی، بەبێ ئەوەی پێویستی بە ئامادەیی وەزیری سامانە سرووشتییەکان هەبێ، بەڵگەیە کە خۆی ھۆکاری دواکەوتنی مووچە بووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو پارەی فرۆشراوی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بخرێتە سەر وەزارەتی دارایی، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێرا پارەکە بگاتە ھەرێمی کوردستان و مووچەی فەرمانبەران دابەش بکرێت، بەڵام وەزیری دارایی بە بیانووی ئەوەی کە پێویستە وەزیری سامانە سرووشتییەکانی بۆ ئەو سەفەرە لەگەڵدا بێ، نەچووبوو بۆ تورکیا، کە ەمبەست لێی ئەوە بوو پارەی فرۆشی نەوتی هەرێم بخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی. هەڵبەت بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی کە کۆپیێکی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان نێردراوە، وەزیری دارایی ئێستا لە تورکیایە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا کۆ بووەتەوە بەبێ ئەوەی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی لەگەڵدا بێت، دیارە ئەمەیش پێچەوانەی ئەو قسانەی پێشتر دەیانکرد دەسەلمێنێت، کە دەیانگوت پێویستە بەبێ وەزیری سامانە سرووشتییەکانیان ئەم کارە ناکرێ.
ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان کوردستان (دڵشاد شەعبان) باوەڕی وایە کە، ئەمە بەڵگەیەکە ئەو تۆمەتانەی درانە پاڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان رەت دەکاتەوە و، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە، پێشتر وەزیری دارایی لەژێر کاریگەریی حزبی بزووتنەوەی گۆڕاندا سەردانەکەی نەکردووە، ئاخر مەبەستیان بووە خەڵک وا تێبگەینن کە وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئامادە نییە لەگەڵ وەزیری داراییدا بچێتە تورکیا و وەک هۆکاری دواکەوتنی مووچە نیشانی بدەن، بەڵام لەئێستادا ئەمە بە باشی بۆ رای گشتی ڕوون بووەوە کە کێ ھۆکارە.
(دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: چوونی وەزیری دارایی بەبێ وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئەوەی پشتڕاست کردەوە، کە نەچوونی وەزیری دارایی (ڕێباز حەملان) بۆ تورکیا پێش نزیکەی ھەشت حەفتە، کاریگەریی بزووتنەوەی گۆڕانی لەسەر بووە بەتایبەتی رێکخەرەکەیان، هەڵبەت مەبەستیان بووە تۆمەت بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ھەڵبەستێت و بیکاتە ھۆکاری دواکەوتنی مووچە.. ویستیان بەم هەوڵەیان خەڵک تێبگەیەنن کە وەزیری سامانە سرووشتییەکان ھۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە، بەڵام لەئێستادا بۆ رای گشتی ئاشکرا بوو کێ ھۆکارە."
بڵند ئیبراھیم




