٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تەقەیان لە بارەگای لقی پارتی لە چەمچەماڵ کرد.. نەناسراو بوون

سەرچاوە: KDP.info

چەمچەمال-KDP.info-  بەرپرسی لقی ١٩ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە چەمچەمال گوتی، شەوی رابردوو تەقە لە بارەگای پارتیی دیموکراتی کوردستان کراوە، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە و ھیچ کەس و لایەنمانیشمان تاوانبار نەکردووە.
(فەرھاد کەرکووکی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "سەعات ٢:١٨ـی شەوی رابردوو، چەند چەکدارێکی نەناسراو لە دووریی ٥٠٠بۆ٦٠٠مەترەوە و بە چەکی جۆری بیکەیسی و کلاشینکۆف، تەقەیان لە بارەگای لقی پارتیی دیموکراتی کوردستان کردووە، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە؛ دواتر پاسەوانەکانی ئێمە وەڵامیان داونەتەوە و بە دوایان کەوتوون و تەقەکەرانیش رایان کردووە و دەستگیر نەکراون."

(فەرھاد کەرکووکی) گوتیشی، ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە لە پۆلیس، بەڵام ھیچ لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە، چونکە ناتوانین ھیچ کەسێک تۆمەتبار بکەین.
گوتیشی، رەنگە ئەمە زیاتر پەیوەندی بەو قەیرانە سیاسییەوە ھەبێت لەبارەی پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئەوانەی ئەو کارەیشیان کردووە ناحەزانی ئێمە، بەڵام ئێمە ددان بە خۆماندا دەگرین، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بە ئارامی تێپەڕێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئەم کارەی کردووە کەسانی ترسنۆکن، چونکە دەزانێت ناتوانی بەم شێوەیە ھیچ زیانێک بە ئێمە بگەیێنێت و دڵنیایشیان دەکەینەوە، ئەم جۆرە کارانە ئێمە ناترسێنێت و ھیچ کاریگەریشی بەسەر ئێمەوە نابێت.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار